ئۆوێن و فێردیناند: ڤان دایک خراپ و خراپتر دەبێت

یاریگا-مایکڵ ئۆوێن و ریۆ فێردیناند هاوڕان لەسەر ئەوەی ڤێرجڵ ڤان دایکی بەرگریکاری لیڤەرپوول بەردەوام لە ئاستی دابەزین دایە.
لەم وەرزە رەخنەی گەورە لەسەر ڤان دایک هەیە و دوو شکستەکەی بەرامبەر مەردیدیش کارەکەی لەسەر باڵابەرزە هۆڵەندییەکە قورستر کردووە.
لە میانەی شیکاری کەناڵی بی تی سپۆرت بۆ یارییەکەی ریاڵ و لیڤەرپوول، فێردیناند وتی “کۆمەڵێک قۆناغ هەن لە کاروانی وەرزشیدا کە بەو شێوەیە ناڕۆن پلانت بۆ داناوە بەڵام کاتێک سەیری بەرگریکارە مەزنەکانی وەکو جۆن تێری، یان ستامپ، ڤیدیچ، کۆمپانی و کامپێڵ و زۆرێکی دیکە دەکەیت بیرم نایەت هەرگیز بۆ وەرزێکی تەواو خراپ بووبن یان بۆ ماوەی هەشت نۆ یاری دوای یەک باش یاری نەکەن. هەرچەندە تیمەکەی دەورووبەریش کاریگەری هەیە ولیڤەرپوول بە گشتی ئاستی وەک پێویست نیە”.
ئۆوێنی ئەستێرەی پێشوی لیڤەرپوول، هاوڕابوو لەگەڵ فێردیناند و پاشان وتی “لیڤەرپوول بەردەوام هەڵە دەکەن و بەرگریکارێک بەتەنها لەگەڵ تیمی بەرامبەر دەمێنێتەوە. کێشەکە ئەوەیە ڤان دایک لە دۆخە یەک بەرامبەر یەکەکان لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەڕوات”.
تیمەکەی کڵۆپ ١٦ رۆژ پشوویان هەیە بەهۆی یارییە نێودەوڵەتییەکان و لە ٤/١ دا دەگەڕێنەوە و یەکەم یارییان بەرامبەر مانچێستەر سیتی دەبێت.