مارۆتا: رێگە بە هاتنە ژوورەوەی هەزاران هاندەرمان نەدرا

بێپێ مارۆتا بەڕێوبەری گشتی ئینتەرمیلان سکاڵای هەیە لە یوفا و بەرگریش لە راهێنەرەکەی دەکات.
شەوی رابردوو ئینتەر خۆی گەیاندە چارەگی کۆتایی، لەو یارییەی ٩٠ خولەک بەرگرییان کرد بەرامبەر پۆرتۆ.
مارۆتا دوای یارییەکە بۆ سکای سپۆرت ئیتاڵیا وتی “ئاهەنگی ئەم سەرکەوتنە دەگێڕین کە ١٢ ساڵ بەدەستمان نەهێنابوو، ستایشی راهێنەر، یاریزانان و هاندەرانمان دەکەین بۆ ئەمە. هەروەها دەمەوێت بڵێم ئێمە سکاڵای فەرمی دەگەیەنینە یوفا چونکە بە هەزاران هاندەرمان رێگەیان پێنەدرا بێنە ژوور سەرەڕای ئەوەی بەشێوەیەکی یاسایی بلیتیان کڕی بوو. چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد و دەبێت روون کردنەوە بدەن. چەند دیمەنێکی خێزانەکانم بینی لەبەردەم یاریگا بە منداڵەوە کە دەگرییان و لە ئیتاڵیاوە هاتبوون بەڵام رێگەیان نەدان بێنە ژوور. ئێمە پێش یارییەکە قسەمان لەگەڵ پۆلیسی شارەکە کرد و دڵنیاییان پێداین کێشەیان نابێت و رێگەیان پێدەدرێت بێنە ژوور. هەندێکیان خێزان بوون و بۆ پشتیوانی یانەکەیان هاتبوون نەک مەبەستی تێکدانیان هەبێت”.
ئینتەر لە خاکی خۆیدا بە گۆڵێکی لوکاکو بردییەوە و ئەمەش رێخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی هەوڵ بۆ پارێزگاری لە ئەنجامەکە بدەن لە خاکی پۆرتوگال.