ئێرلینگ هالاند دوای تۆماركردنی مێگا هاتریك چەند ریكۆردێكی تۆمار كرد
یاریگا
ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی نەرویجی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بە تۆماركردنی مێگا هاتریك بەرامبەر لایپزیگ چەند ژمارە پێوانەییەكی تۆمار كرد.
شەوی رابردوو مانچێستەر سیتی لە یاریگای ئیتیحادی تایبەت بە خۆی میوانداری لایپزیگی كرد و یارییەكەشی بە ئەنجامی حەوت گۆڵی بێ وەڵام لێ بردەوە، لە میانی یاری گەڕانەوەی قۆناخی 16ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.
بە ئەنجامی هەردوو یاری هاتن و چوون سیتی بە هەشت گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك خۆی گەیاندە قۆناخی چارەكی كۆتایی پاڵەوانیەتیەكە.
لە كۆی حەوت گۆڵەكەی سیتیزین ئێرلینگ هالاند توانی پێنج گۆڵ تۆمار بكات لە خولەكەكانی 22, 24, 45+2, 53,57.
بەپێی تۆڕی ئۆپتا كە تایبەتە بە ژمارە و ئامارەكان هالاند گەشتە گۆڵی ژمارە 30 لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بە ئەنجامدانی 25 یاری كە ئەوەش كەمترە لە هەر یاریزانێكی دیكە گەشتبێتە ئەو ژمارە گۆڵە.
هەروەها بوو بە بچوكترین یاریزانلە مێژووی پاڵەوانیەتیەكەدا بە ( 22 ساڵ و 236 رۆژ ) كە بگاتە گۆڵی ژمارە 30.
هەروەها هالاند بوو بە سێیەم یاریزان لە مێژووی چامپیۆنزلیگدا كە بتوانێت مێگا هاتریك تۆمار بكات لە دوای هەریەك لە لیۆنێل مێسی لە 2012 و لویز ئەدریانۆ لە 2014.