ئه‌وروپائیسپانیائینگلتەراچامپیۆنزلیگگرنگترین

ریال مەدرید – لیڤەرپوول| تروسکاییەک هیوا

Yariga App

یاریگا
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا دوای بردنەوە گەورەکەی یاریی چوون بەرامبەر لیڤەرپوول، ئەمجارەیان لە یاریگای سانتیاگۆ بیرنابیۆ و لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی شازدە میوانداری رکابەرەکەی دەکات.

شاهانەکان لە یاریی چوون ئەنجامێکی گەورەیان بەدەستهێناوە و رێگایەکی زۆریان بۆ گەیشتن بە قۆناغی چارەکی کۆتایی بڕیوە. کاتێک توانیان لە ئانفێڵد ریمۆنتادا بەسەر رێدز بکەن و یارییەکە بە لە 2-0 بۆ 5-2 بگۆڕن.

لیڤەرپوول بە درێژایی مێژووی چامپیۆنزلیگ هەرگیز لە یاریگای خۆی بەم ئەنجامە نەدۆڕابوو، هەربۆیە ئەوان چانسێکی زۆر کەمیان ماوە لە پێناو گەیشتن بە قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ. مەگەر بتوانن هاوشێوەی ساڵانی رابردوو ئەوەی بەرامبەر بارسێلۆنایان کرد دووبارەی بکەنەوە.

یانەی ئینگلیزیەکە سەرەڕای دۆڕانە قورسەکەی لە یاریی چوون، دوورکەوتنەوەی هەندێک لە یاریزانەکانی بەهۆی پێکان، قەیرانەکانی قوڵتر کردووە. ئەو یاریزانانەش بریتین لە: جۆردان هێندەرسۆن، لویس دیاز، تیاگۆ ئالکانتارا و گومان لە بەشداری کردنی نابی کیتا دەکرێت.

لە ریزەکانی یانەی ریال مەدریدیش تەنها یەک یاریزان لە یارییەکە دادەبڕێت، ئەویش داڤید ئالابا بەرگریکاری نەمساییە. لە بەرامبەردا بێنزێما و مێندی بە تەواوەتی بۆ یارییەکەی ئامادەن و بانگهێشت کراون.

– لیڤەرپوول لەوەتەی ساڵی 2009 نەیتوانیوە لە ریال مەدرید بباتەوە. لەو کاتەوە هەردوو یانە 6 یارییان لەگەڵ یەکتری کردووە و شاهانەکان 5 یارییان بردووەتەوە.
– پێشتر چوار یانەی ئینگلیزی کە یەکێکیان لیڤەرپوول بووە، توانیویانە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە مێرنگی ببەنەوە.
– ریال مەدرید پێشتر 26 جار لە کۆی 27 جار هەرکاتێک لە یاریی چوون براوە بوو بێت، سەرکەوتووە بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.

یانەی لیڤەرپوول تەنها بە جیاوازی 4 گۆڵ دەتوانێت سەرکەوێت بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی. رێدز بە ئەنجامی 3-0 یارییەکە یەکسان دەکاتەوە و ئەو کات یارییەکە دەبێت لە دوو کاتی زیاد کراو یەکلایی بکرێتەوە.

Back to top button