یاریگا
دیدیە دیشامپ، راهێنەری فەڕەنسی هەڵبژاردەی فەڕەنسا بێ دەنگی خۆی شكاند دەربارەی دوورخستنەوەی كەریم بێنزێما لە پێش دەستپێكردنی یارییەكانی جامی جیهانی 2022ی قەتەڕ.
لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ رۆژنامەی ” Le Parisien ” دیشامپ گوتی: كەریم لە 14ـی مانگی 11 پەیوەندی بە ئێمەوە كرد لە دوای ماوەیەك لە بێ چالاكی و یاری نەكردنی لەگەڵ یانەكەی.
هەروەها گوتیشی: ئەو بەرنامەی تاكە كەسی پەیڕەو دەكرد و ڕاهێنانی ئەنجام دەدا، گەڕانەوەی بۆ راهێنانە بە كۆمەڵەكان دواخرا، ئامانجیشم ئەوە بوو ئامادەی بكەم بۆ ئەوەی لە یاری بەرامبەر ئوسترالیا بەشێوەیەكی سەرەكی بەشداری بكات.
راهێنەرەكەی فەڕەنسا بەردەوام بوو: كاتێك تووشی پێكان بوویەوە، لەگەڵ پزیشكەكەماندا چووینە كلینیك بۆ پشكنینی ” MRI” كەریمیش پزیشكەكانی مەدریدی لە دۆخەكەی ئاگادار كردبوویەوە ، كاتێكیش گەڕایەوە بۆ هۆتێلەكە راپۆرتی پشكنینەكەی پێدام، دەستنیشانكردنی پزیشكەكەمان لەگەڵ دەستنیشانكردنی پزیشكەكانی مەدرید هاوتای یەك بوون و لە باشترین بارودۆخدا نەدەكرا لە پێش 10ی مانگی 12 بگەڕێتەوە بۆ راهێنانەكان.
دیشامپ ئەوەشی روونكردەوە: داوام لە بێنزێما كرد پەلە نەكات لە بڕیاردان و بۆ ماوەی 20 خولەك لەگەڵیدا ماینەوە و گفتوگۆمان كرد و پێم گووت كە بڕیارەكەی خۆی لەگەڵ مندا هاوبەش پێبكات، بەڵام كاتێك لەخەو هەستام زانیم كە بڕیاری رۆشتنی داوە ، ئەوە بڕیاری ئەو بوو من لە هەڵوێستەكەی تێگەشتم و رێزم لێگرت.
سەبارەت بە ئامادەبوونی بۆ یاری پێش كۆتایی بەرامبەر مەغریب راهێنەرە فەڕەنسیەكە گووتی: ئایا ئەوە گونجاوە كە دوای ئەو ماوە زۆرە دابڕانەی لە یاریگا لە یاری پێش كۆتایی جامی جیهانیدا بگەڕێتەوە و بەشداری بكات؟ كەریم خۆی پێی ووتم كە ئامادە نیە.
هەروەها راهێنەری كەڵەشێرەكان دڵخۆشی هەر کەسێکی لە ناو کەمپەکەی بە ڕۆیشتنی بێنزێما رەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە نازانم کێ دەنگۆی لەو جۆرە بڵاودەكاتەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، دیشامپ ئاشكرایكرد كە پەیوەندی بەردەوامیان هەیە لەگەڵ بێنزێما لە دوای مۆندیال و گووتی: گفتوگۆیەکی دوورودرێژمان کرد، ئەویش پابەند بوو بە بڕیاری وازهێنان لە تۆپی پێی نێودەوڵەتی بەبێ ئەوەی هۆکارەکانی بخاتەڕوو.