ئه‌وروپائیتاڵیائینگلتەراچامپیۆنزلیگ

تۆتێنهام – ئەیسی میلان| ئینگلیزەکان لە لەندەن شەڕی تۆلە کردنەوە دەکەن

Yariga App

یاریگا
یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی دوای دۆڕانەکەی لە یاریی چوونی قۆناغی شازدەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئەیسی میلانی ئیتاڵی، ئەمجارەیان لە یاریی گەڕانەوە و لە پێناو تۆلە کردنەوە و گەیشتن بە قۆناغی چارەکی کۆتایی، میوانداری یانە ئیتاڵیەکە دەکات.

سپێرز یاریی چوونی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 1-0 دۆڕاندووە و ئەو یانەیە لە پێناو گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو پێویستی بە بردنەوە بە جیاوازی دوو گۆڵ هەیە، بە پێچەوانەوە ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ دەکەن و رۆسێنەری میوانی قۆناغی داهاتوو پاڵەوانتیەکە دەبێت.

ئانتۆنیۆ کۆنتی راهێنەری یانە ئینگلیزیەکە دوای ماوەیەک دابڕان لە یاریگاکان بەهۆی نەخۆشی، دواجار گەڕایەوە و سەرپەرشتی دوایین یەکەی ئامادەکاری یانەکەی کرد و ناوبراو لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە گووتی ” ئەگەر پرسیارم لێدەکەن ئایا دەتەوێت ناسناوی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ ببەیتەوە، ئەوا بێگومان وەڵامم بەڵێ دەبێت، بەڵام سەرەتا پێویستە هەنگاو بە هەنگاو سەرکەتوو بین لە پێناو بەدەستهێنانی ئامانجەکەمان، هیوادارم لەم یارییە بتوانین ئاستێکی باش پێشکەش بکەین و رکابەرەکەمان تێپەڕێنین ”.

لە ریزەکانی یانەی تۆتێنهام بۆ ئەم یارییە بەهۆی پێکان هۆگۆ لۆریس، رێیان، بێنتاکور و بیسۆما بەهۆی پێکان یاریی ناکەن، هەروەها ئێریک دایەر ئەویش بەهۆی راگیران بەشداری یارییەکە ناکات. لەلایەکی دیکەوە لە ریزەکانی یانەی ئەیسی میلان داڤیدێ کالابریا، ئالێساندرۆ فلۆرێنزی، ئیسماعیل بن ناسر بەهۆی پێکان بەشداری یارییەکە ناکەن.

لەلایەکی دیکەوە ستێفانۆ پیۆلی لەبارەی یارییەکە دەڵێت “ ئێمە هەستێکی ئەرێنیمان هەیە و بە وورەیەکی بەرز و ئیرادەیەکی زۆرەوە بەرەو یارییەکە دەچین. تەندروستی براهیم دیاز و جیرۆد باشە و دەتوانن بەشداری یارییەکە بکەن، بە گشتی هەموو یاریزانەکان ئامادەن بۆ یاریکردن دەبێت بزانین لە کۆتاییدا چی روودەدات. دەبێت بە باشی کۆنترۆلی یارییەکە بکەین، ئەوان لە هێلی پێشەوە زۆر ترسناکن و هەموو هەوڵێک دەدەن بە خێراییەکی زۆر یاریی بکەن، ئێمەش هەوڵ دەدەین سوود لە هەڵەکانیان ببینین “.

– هەردوو یانەی تۆتێنهام و ئەیسی میلان 3 جار لە چامپیۆنزلیگ یارییان لەگەڵ یەکتری کردووە و هە یەکێکیان خاوەن 1 بردنەوەن.
– هەردوو یانە پێشتر لە وەرزی 2010 بۆ 2011 لە هەمان قۆناغ یارییان لەگەڵ یەکتری کردووە، میلان لە یاریی چوون لە یاریگای خۆی دۆڕا و لە یاریی گەڕانەوەش یەکسانبوو و لە کۆتاییدا ماڵئاوایی کرد.
– تۆتێنهام ئەم وەرزە لە چامپیۆنزلیگ 3 یاریی لە یاریگای خۆی کردووە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، 2 بردنەوە و بەرامبەربونێکیان هەیە.
– ئەیسی میلان ئەم وەرزە 3 یاریی لە دەرەوەی یاریگای خۆی کردووە و خاوەنی 1 بردنەوە 1 دۆڕان و 1 بەرامبەربوونن.
– تۆتێنهام لەوەتەی 2010 ئەمە پێنجەمجارە دەگاتە قۆناغی شازدەی چامپیۆنزلیگ و تەنها دووجار ئەم قۆناغەی تێپەڕاندووە.
– ، ئەیسی میلان لەوەتەی ساڵی 2010 شەشەمجارە دەگاتە ئەم قۆناغە و ئەوانیش تەنها یەکجار ئەم قۆناغەیان تێپەڕاندووە.

Back to top button