یاریگا
بەپێی ڕۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی، ناسر خلێفی قەتەری و سەرۆکی یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی لەژێر لێکۆڵینەوەدایە بە تۆمەتی رفاندن و ئەشکەنجەدانی بازرگانێکی فەرەنسی بەڕەگەز جەزائیری.
تەیب بن ئەبدولڕەحمان بازرگانێکی فەڕەنسییە لە ساڵی 2020 سەردانی قەتەری کردووە، بە گووتەی خۆی بۆ ماوەی شەش مانگ لەلایەن سەرۆکەکەی پاریس، ناسر خلێفی بەندکراوە و بەتووندیش ئەشکەنجەی دراوە.
هەروەها بە گووتەی بازرگانە فەڕەنسییەکە سەرۆکەکەی پاریس ئازادی نەکردووە تا بەڵیننامەیەکی پێ واژۆ نەکردووە، کە بەڵێنی لێوەرگرتووە بەهیچ شێوەیەک نابێت زانیای هەستیار لەبارەی خلێفییەوە بدرکێنێت.
وە ڕۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە 3 دادوەر راسپێردراون تا لێکۆڵینەوە لەم دۆسیەیە بکەن لە دادگایەک لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا.
لەلای خۆیەوە ڕۆمان ڕویز، پارێزەری ئەو بازرگانە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:
ئێمە زۆر دڵخۆشین کە دواجار دەسەڵاتی دادوەری فەرەنسا دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانە، دەمانەوێت دادپەروەری بەدەستبهێنین.
بەپێی ڕۆژنامە فەڕەنسیەکە پێدەچێت ئەو بازرگانە مۆبایلێکی دەستکەوتبێت کە بەڵگەی گەورەی تیادا بووبێت لەبارەی گەندەڵییەکانی ناسر خلێفی لەوانەش بەرتیلدان بۆ بەدەستهێنانی مافی پەخشی یارییەکانی جامی جیهانی 2026 و 2030 لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ گروپی کەناڵەکانی خۆی کە (گروپی beIn Media)یە.
هەمان سەرچاوە ئامەژەی بەوەش داوە جیا لەو بەڵگەیە ئەگەری هەیە بەڵگی بەرتیلدان بە فیفا بۆ مافی میوانداریکردنی جامی جیهانی 2022ی قەتەریش لەلایەن ئەو بازرگانە دزەی پێکرابێت بۆیە بەوشێوازە ئەشکەنجەدراوە لەلایەن ناسر خلێفییەوە.
لەلایەن خۆیانەوە پارێزەرەکانی ناسر تا ئێستا هیچ قسەیەکیان نەکردووە و بێدەنگیان هەڵبژاردووە، لە ئەگەری ساخبوونەوەی ئەم تۆمەتانەش بەسەر خلێفیدا ئەوا سزایەکی یەکجار قورس چاوەڕوانی دەکات.