یاریگا
گراهام پۆتەر، راهێنەری ئینگلیزی یانەی چێڵسی ئینگلیزی ئاشكرایكرد كە هاندەرانی یانەكەی پەیامیان بۆ ناردووە و هیوای مردنیان بۆ منداڵەكانی خواستەوە،بەهۆی ئەنجامە خراپەكانیەوە.
لە ساڵی 2023دا چێڵسی تەنها یەك یاری بردووەتەوە لە چوار یاریدا یەكسان بووە و لە پێنج یاریشدا تووشی شكست هاتووە.
لە لێدوانێكیدا كە رۆژنامەی “زە تێلێگراف”ی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە گوتی: چەند پەیامێكی نابەجێم بۆ هاتووە كە تێیدا هیوای مردنیان بۆ مندالەكانم خواستووە.
هەروەها گوتیشی: هاندەرانی چێڵسی بە خراپترین راهێنەر ناویان بردووم لە مێژووی یانەكەدا، ئەوەش زۆر ناخۆشە ئەگەر بچیتە سەر كارەكەت و سوكایەتیت پێ بكرێت یان بڵێن كە خراپترین كەسی لە مێژووی یانەكەدا.
ئاماژەی بەوەشکرد: تێدەگەم هاندەران بە ناڕەحەتی دەچنەوە ماڵەوە، چونکە یانەكەیان سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە کە ژیانم لە ماوەی سێ چوار مانگی رابردوودا تا ڕادەیەک مامناوەند بووە، جگە لەوەی کە من سوپاسگوزارم بۆ ئەم ئەزموون و ئەم ئاڵنگارییە گەورەیە.
چێڵسی بە كۆكردنەوەی 31 خاڵ لە پلەی دەیەمی پرێمەرلیگ دێت و بە جیاوازی 23 خاڵ لە دوای ئارسیناڵی پێشەنگەوەیە.