یاریگا
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری ئیسپانی یانەی بارسێلۆنای هەمان وڵات باسی لە گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی ئەفسانەی پێشووی یانە كەتەلۆنییەكە و ئێستای پاریس سان جێرمان دەكات بۆ ریزەكانی یانەكەی.
لە گواستنەوەكانی هاوینی ساڵی 2021 و دوای كۆتاییهاتنی گرێبەستەكەی لەگەڵ بارسێلۆنا یانە كەتەلۆنییەكە نەیتوانی پارێزگاری لە ئەفسانەكەی بكات و بە خۆڕایی پەیوەندی بە پاریس سان جێرمانەوە كرد.
راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئەوەیان بڵاوكردەوە كە لیۆ نایەوێت گرێبەستەكەی لەگەڵ پاریس نوێ بكاتەوە.
لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەیان بەرامبەر مانچێستەر یونایتد چاڤی گوتی: مێسی هاوڕێمە و ئێمە بەردەوام لە پەیوەندیداین.
هەروەها گوتیشی: بارسێلۆنا ماڵی ئەوە و هەموو كات دەرگاكان كراوەن بۆی، بۆیە ناتوانم هیچی تر بڵێم.
لە كۆتاێشدا گوتی: لیۆنێل مێسی باشترین یاریزانی جیهان و مێژووی تۆپی پێیە.
وا بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە كاتژمێر 23:00 لە یاری گەڕانەوەی پاشكۆی یۆرۆپا لیگ بۆ گەشتن بە قۆناخی 16، مانچێستەر یونایتد میوانداری بارسێلۆنا بكات.
یاری چوون لە یاریگای سپۆتیفای كامپ نۆو بە دوو گۆڵ بۆ هەردوولا یەكسان بوون.