یاریگا
ئەمشەو ریال مەدرید لە یارییە دواخراوەکەی گەڕی 21 لالیگا، لە یاریگای سانتیاگۆ بیرنابیۆ رووبەڕووی ئێلچێ دەبێتەوە.
شاهانەکان بەهۆی بەشداری کردنیان لە جامی جیهانی یانەکان، یارییەکەی گەڕی رابردوویان بۆ ئەمشەو دواخرا. ئەو یانەیە ئێستا بە جیاوازی 11 خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنای پێشەنگ، لە پلەی دووەمی ریزبەندی دێن.
پێش یارییەکە کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ئیسپانی یانەکەی مەدریدی پایتەخت، دوورکەوتنەوەی پێنج یاریزانی بۆ ئەم یارییە راگەیاند.
“ ئێمە زۆر دڵخۆشین بەبۆنەی بەدەستهێنانی ناسناوی مۆندیالی یانەکان، بۆیە بە پەرۆشین بۆ ئەوەی لەگەڵ هاندەرەکانمان لە یاریگای خۆمان ئاهەنگ بگێرین. ئێمە بۆ ئەم یارییە کۆمەڵێک یاریزانمان لەگەڵ نابێت، ئەوانیش بریتین لە ڤینیسیۆس، تۆنی کرووس، کۆرتوا، مێندی و هەروەها هازارد. لەبارەی چارەنوسی تۆنی تاوەکو ئێستا هیچ قسەیەکەم لەگەڵ نەکردووە، بەڵام ئەو حەز دەکات وەرزی داهاتووش لەگەڵ ئێمە بەردەوام بێت “.
ریال مەدرید لە کاتێکدا رووبەڕووی ئێلچێ خاوەنی پلەی کۆتایی ریزبەندی دەبێتەوە، لەوەتەی ساڵی 1978 هیچ یارییەکی بەرامبەر ئەو یانەیە نەدۆڕاندووە.
ریال مەدرید هەفتەکانی رابردوو ئەنجامەکانی وەکو پێویست نەبوینە، ئەو یانەیە لە سێ یاریی رابردوو بردنەوەیان نەبووە و هیچ گۆڵیشیان تۆمار نەکردووە.
شاهانەکان لە کۆی 20 یاریی ئەم وەرزەیان لە لالیگا، 45 خاڵیان کۆکردووەتەوە و لە پلەی دووەمی ریزبەندی لالیگا دێت. یانەی ئێلچێ بارودۆخی زۆر خراپە و ئەو یانەیە تەنها 9 خاڵی هەیە و لە پلەی کۆتایی ریزبەندی دێت.