پاریس و میونشن لە یاری لوتکە رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە
یاریگا
دوای کۆتایی هاتنی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ، سبەی شەو بە دوو یاریی قۆناغی شازدەی پاڵەوانتیەکە دەست پێدەکات و لە یاریی لوتکەی ئەم قۆناغە و لە یاریی چوون، پاریس سانجێرمان و بایرن میونشن رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.
پاریس سانجێرمان و بایرن میونشن، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و لە یاریگای باخچەی شازادەکان، لە گرنگترین یاریی قۆناغی شازدەی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە. هەردوو یانە پێشتر 11 جار لە چامپیۆنزلیگ یارییان لەگەڵ یەکتری کردووە، شازادەکان شەش یارییان بردووەتەوە، باڤارییەکانیش پێنج یارییان بردووەتەوە و هیچ یارییەکی نێوان ئەو دوو یانەیە بە یەکسانبوون کۆتایی نەهاتووە.
هەردوو یانە دوایینجار وەرزی 2020-2021 لە قۆناغی چارەکی کۆتایی رووبەڕووی یەکتری بونەوە، لە هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە، یانە فەرەنسیەکە براوە بوو.
بۆ ئەم یارییە چاوەڕێ دەکرێت لیۆنێل مێسی بگەڕێتەوە و بەشداری بکات، ئەو یاریزانە بەهۆی پێکان بەشداری یاریی رابردووی یانەکەی لە خولی نێوخۆیی نەکرد. بەڵام کلیان ئێمباپێ بۆ ئەم یارییەش بەردەست نابێت.
مێسی ئەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی بەشداری پێنج یاریی چامپیۆنزلیگی کردووە و خاوەنی چوار گۆڵە و چوار ئەسیستیشی هەیە. لە دوای کلیان ئێمباپێ دووەم گۆڵکاری یانەکەیەتی.
لیۆ دەرفەتی ئەوەی لە پێشە ئەم وەرزە ژمارەی گۆڵەکانی لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ باشترین گۆڵکاری چامپیۆنزلیگ، کە ئێستا لە خولی سعوودی یاریی دەکات نزیک بکاتەوە. یاریزانەکەی شازادەکان خاوەنی 129 گۆڵە و بە جیاوازی 11 گۆڵ دووەم باشترین گۆڵکاری مێژوویی پاڵەوانتیەکەیە.
مێسی پێشتر 6 جار بە درێسی بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی بایرن میونشن بووەتەوە، لە 2 یاریی براوە بووە و لە 3 یاریش دۆڕاوە، دیارترین دۆڕانەکەشی بەرامبەر یانە ئەڵمانیەکە، ساڵی 2020 بوو لە قۆناغی پێشکۆتایی بە ئەنجامی 2-8.