یاریگا-
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا لە پێناو بەدەستهێنانی یەکەم ناسناوی ئەمساڵ و هەروەها پێنجەم ناسناوی جامی جیهانی یانەکان، سبەی شەممە رووبەڕووی یانەی هیلالی سعوودی دەبێتەوە.
دوای گەیشتنی هەردوو یانە بۆ یاری کۆتایی جامی جیهانی یانەکان، سبەی هەردوو یانە کاتژمێر 22:00 بەکاتی هەولێر لە پێناو بەدەستهێنانی ناسناوەکە رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە. ئەو دوو یانەیە جاری یەکەمە لە مێژوودا رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، بەڵام شاهانەکان پێشتر لە ساڵی 2000 هەزار رووبەڕووی یانەیەکی دیکەی سعوودی واتە نەسڕ بونەتەوە و بردنەەیان بەدەستهێناوە.
ریال مەدرید جاری شەشەمە بەشداری مۆندیالی یانەکان دەکات و چوار جار ناسناوەکەی بەدەستهێناوە و خاوەنی زۆرترین ناسناوی مۆندیالی یانەکانە. هەرچی یانەی هیلالە ئەو یانەیەش جاری سێیەمە بەشداری دەکات و هیچ ناسناوێکیان نیە و، دووجار پلەی سێیەمیان بەدەستهێناوە.
پێش یارییەکە کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری یانەی ئیسپانیەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی یارییەکە باسی لە بەشداریکردن کەریم بێنزێما و ئێدێر ملیتاو لەو یارییە کرد.
” کەریم و ملیتاو دوێنێ گەشتی مەغریبیان کردووە، پێموایە بۆ ئەوە هاتوون کە بەشداری یارییەکە بکەن، بۆیە چانسێکی باشیان هەیە کە یاری بکەن. یانەی بەرامبەرمان خاوەنی کۆمەڵێک یاریزانی عەرەب و ئەوروپی باشە، ئەوان توانیان لە یانەی فلامینگۆ ببەنەوە، بۆیە پێموایە ئەرکی ئێمەش بەرامبەر ئەوان ئاسان نابێت. دۆڕانمان بەرامبەر بارسێلۆنا و مایۆرکا ئێمەی ئازارداوە، بەڵام دڵنیام دەتوانین باشتربین و قەرەبووی ئەو دۆڕانانە بکەینەوە ”.
ریال مەدرید دوایینجار ساڵی 2018 بەشداری جامی جیهانی یانەکان کرد، ئەو کاتە توانیان ناسناوەکە ببەنەوە، هەروەها یانەی هیلالیش دوایینجار ساڵی رابردوو بەشداریان کرد و پلەی سێیەمیان بەدەستهێنا.