
یاریگا
سبەی لە یاری لوتکەی گەڕی 16ـی خولی نایابی عێراق، یانەی زاخۆ لە یاریگای خۆی لە یاری کلاسیکۆی کوردستان میوانداری یانەی هەولێر دەکات.
ئێوارەی سبەی رۆژی شەممە کاتژمێر 16:30 خولەک، لە بەردەوامی گەڕی شازدەی خولی نایابی عێڕاق و لە یاری کلاسیکۆی کوردستان، زاخۆ میوانداری هەولێر دەکات. زاخۆ بە بارودۆخێکی باش تێدەپەڕێت و ئەو یانەیە لە سێ یاری رابردوو هەرسێ یارییەکەی بردووەتەوە، بە پێچەوانەوە هەولێر بارودۆخی باش نیە و ئەو یانەیە حەوت یارییە تامی بردنەوەی نەکردووە و لە دوایین حەوت یاریش پێنج یاری دۆڕاندووە و لە دوو یاری بەرامبەربووە.
یانەکەی شاری قەڵا و منارە، دوای دۆڕانەکەی یاری رابردوو بەرامبەر سناعە لە یاریگای خۆی، غازی فەهەدی لە راهێنەرایەتی یانەکەی دوورخستەوە، بۆیە بۆ ئەم یارییە عەبدولقادر حوسێن بە شێوەیەکی کاتی راهێنەرایەتی ئەو یانەیە دەکات.
هەردوو یانە لە مێژووی خولی نایابی عێراق، 27 یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، زاخۆ خاوەنی 5 بردنەوەیە، لە بەرامبەردا هەولێر 14 یاری بردووەتەوە، بەڵام یانەکەی پایتەخت لەوەتەی ساڵی 2014 نەیتوانی لە یانەکەی دەلال بباتەوە.
زاخۆ لە کۆی 15 یاری ئەم وەرزەی لە خولی نابابی عێراق 4 بردەوە و 6 دۆڕان و 5 بەرامبەربوونی هەیە و بە کۆکردنەوەی 17 خاڵ لە پلەی پازدەهەمی ریزبەندی دێت. لە بەرامبەردا هەولێر ئەو یانەیەش لە کۆی 1٥ یاری 3 بردنەوە 8 دۆڕان و 4 بەرامبەربونیان هەیە و بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ لە پلەی حەڤدەی ریزبەندی دێت.