فیلیپی مێلۆ: ئەگەر ڤار هەبوایە ریال مەدریدمان لە چامپیۆنزلیگ دەردەكرد
یاریگا
فێلیپی مێلۆ، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی بەڕازیل دوای دە ساڵ لە یارییەكەی گالاتاسەرای و ریال مەدرید هێشتا رووداوەكانی ئەو یاریەی لە بیر نەكردووە.
لە قۆناخی چارەكی كۆتایی یارییەكانی چامپیۆنزلیگی وەرزی 2012/2013 گالاتاسەرای رووبەڕووی ریال مەدرید بوویەوە و بە ئەنجامی هەردوو یاری هاتن و چوون ریال مەدرید 5-3 یارییەكەی بردەوە وخۆی گەیاندە قۆناخی پێش كۆتایی.
یاریزانە بەڕازیلییەكە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تۆڕی ” دێریتا ”ی ئیتاڵی گووتی: ئەو یانەی ئێمە لەو ساڵەدا دەكرا نازناوی چامپیۆنزلیگ بباتەوە.
بەردەوام بوو گووتی: ئەگەر لە رووبەڕووبوونەوەكەمان لەگەڵ ڕیال مەدرید هەندێک هەڵەی ناوبژیوان نەبوایە نەدەچووینە دەرەوەی پاڵەوانیەتیەكە، من باوەڕم بەوە هەیە کە ئەگەر ئەو كات تەکنەلۆژیای ڤیدیۆ ” ڤار” هەبوایە سەرکەوتنمان بەدەست دەهێنا، لە یاری چوون بە ئەنجامی 3-0 دۆڕاین، بەڵام لە گۆڵی دووەمدا هەڵەیەکی گەورە روویدا، لە یاری گەڕانەوەشدا گۆڵێکمان لەلایەن کریستیانۆ ڕۆناڵدۆوە لێ تۆمار كرا كە ئۆفسایدێكی ئاشكرا بوو، سەرەڕای ئەوەش 3 گۆڵمان تۆمارکرد و نزیک بووین لە سەركەوتن.
سەبارەت بە کاردانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ، ڕاهێنەری یانەی ریال مەدرید لەو کاتەدا، فیلیپی مێلۆ یاریزانی ئێستای فلۆمینێنسی گوتی: لە ماوەی چارەکێک سێ گۆڵمان تۆمارکرد و بینیم مۆرینیۆ سەری سوڕما، وەک ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە: لێرە چی ڕوودەدات؟”