کوردستان

هەولێر یاری لووتکەی لە سلێمانی بردەوە

لە گەڕی دوازدەمی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، یانەی خاکی خاوەن پلەی دووەم شکستی هێنا و ڕانیەش لە یاریەکی بەهێزدا لە یانەی قەڵادزێی بردەوە.

لە یاریگای دووەمی فرانسۆهەریری و لە یاری لووتکەی ئەم گەڕەدا، یانەی هەولێر بە ئەنجامی 3_1 گۆڵ لە یانەی سلێمانی بردەوە، هەولێر بەبێ ڕکابەر و بە22 خاڵ پلەی یەکەمی وەرگرت و یانەی سلێمانیش بە 19 خاڵ لە پلەی دووەم دێت، یانەی خاکی شاری کەرکوک لە یاریگای سۆران ڕووبەرووی یانەی ڕواندز بوویەوە، ڕواندز بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە ناوچەی دابەزین لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا چەندین گۆڕانکاری کردووە و توانی بە ئەنجامی 3_1 گۆڵ یانەی خاک کە لە پلەی سێیەمە بە 19 خاڵ تووشی شکست بکات، یانەی ڕواندز بەم سەرکەوتنە بە 9 خاڵ هاتە پلەی شازدەم.

یانەی ڕزگاری لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە گۆڵێکی بێ وەڵام لە یانەی بابانی بردەوە، ڕزگاری بە 16 خاڵ لە پلەی هەشتەمە و بابان  بە 13 خاڵ لە پلەی دەیەم دێت، خانەقین لە ەردەم هاندەرانی خۆیدا بە ئەنجامی 1_0 لە یانەی برادۆستی بردەوە، هەر دوو یانە لە ناوچەی دابەزین نزیکن و خانەقین بە 11 خاڵ لە پلەی پازدەمە و یانەی برادۆستی شاری کەرکوکیش بە 8 خاڵ لە پلەی حەڤدەهەم دێت، لە شاری دهۆک هەر دوو یانەی سێمێل و پیشەسازی لە یاریگای تیپی یەکەم بەیەک گەیشتن، یاریەکەش بە یەکسان بوونی هەر دوو یانە بەگۆڵێک کۆتایی هات، سێمێل 13 خاڵی هەیە لە پلەی یازدەمە و پیشەسازی بە 16 خال پلەی نۆیەمی گرتووە.

یانەی کۆیە بە هۆی نالەباری کەش و هەواوە  لە یاریگای خۆی یاری ئەنجام نەدا و لە یاریگای چواڕقوڕنە میوانداری یانەی شۆڕجەی شاری کەرکوکی کرد، کۆیە یاریەکەی بە ئەنجامی 2_0 بە یانەی شۆڕجه دۆڕاند، یانەی کۆیە بە 15 خاڵ لە ڕیزبەندی دەیەم دێت و شۆڕجە بە 18 خاڵ لەپلەی چوارەم دێت، لە یاریەکی تری بەهێزدا یانەی ڕانیە لە بەردەم هاندەرێکی زۆری ئامادبووی یاریەکە لە نێو یاریگای خۆی بە ئەنجامی 3_0 شکستی بە یانەی قەڵادزێ هێنا، هەر دوو یانە ئامانجیان سەرکەوتنە بۆ ڕیزی یانە نایابەکانی کوردستان لە وەرزی داهاتوو، ڕانیە لە پلەی پێنجەمە بە 18 خاڵ و قەڵادزێش بە 16 خاڵ و دوو یاری کەمتر لە پلەی شەشەم دێت، لە شاری هەولێر و لە یاریگای زانکۆی جیهان، یانەی بروسک بووە میوانی یانەی زانکۆی جیهان و یاریەکەش بەبێ گۆڵ و بە یەکسان بوونی هەر دوویانە کۆتایی هات، زانکۆی جیهان لە ڕیزبەندی هەژدەم و کۆتایی دێت تەنها 6 خاڵی هەیە و یانەی بروسک بە بە 12 خاڵ پلەی سێزدەمی ڕیزبەندی یانە پلە یەکەکانی کوردستانی گرتووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button