کوردستان

وەرزشی کوردستان شایستەی گاڵتە پێکردن نیە

لێرەو لەوێ دەبینین لە کاتی هەر پێشهات و ڕووداوێك كە لە وەرزشی کوردستان دێتە پێش ئیتر هەریەکەو لای خۆمانەوە بە تەنز و بە گاڵتە پێکردن ڕاو و سەرنجمان لە سەر ڕووداوەکان و وەرزشی کوردستان پیشان دەدەین، بەڵام لە ڕاستیدا سەرەتا هیچ بوارێكی وەرزشی کوردستان مایەی گاڵتە پێكردن نیە.

نە یەکێتیە وەرزشیەکانمان نە یانەکانمان نە یاریگاو یاریزانمان نە ڕاهێنەرو ڕاگەیاندن و هاندەرانیشمان هەموو ئەوانەشی کە لە نێو بوارەکەن شایستەی ئەوە نین گاڵتەیان پێ بکرێت و بە تەنزەوە باس بکرێن، بەڵكو هەموو ئەوانەی سەرەوە شایستەی ڕەخنەی جدی و لێكۆلینەوەی وردن. كە بۆ ئێمە چەندین ساڵە نەمان توانیوە وەرزشی كوردستان و تەواوی سێكتەرەكانی وەرزش بە شێوەیەكی یاسایی و نێودەوڵەتیانە بنیاد بنێن.

لە سەرو بەندی بڵاو بونەوەی هەواڵی ئەوەی کوردستان داوای میوانداری جامی کۆنیفای 2024 دەکات بەشێکی زۆرمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە تەنزەوە لەم داواکاریەمان ڕوانی و هەمووشمان یەکەم شت کە دەسمان بۆ برد خراپی یاریگاکانی کوردستان بوو کە هیچ کاتێ شیاو نین بۆ بەڕێوەچونی هیچ پاڵەوانیەتیەک. لە ڕاستیدا هەموو ئەو بۆچوونانە دروستەو یاریگاكانی كوردستان لە ئێستادا شیاو نین بۆ ئەوەی میوانداری هیچ یارییەكی نێو دەوڵەتی یاخود هەر پاڵەوانەتییەكی دەرەوە بكرێت، بەڵام خۆ دەشبێت بپرسین بۆ لە ماوەی 30 ساڵدا نەمان توانی لە كوردستاندا دوو یاریگای نێودەوڵەتی دورست بكەین نەمان توانی وەرزشی كوردستان بە سیستەم بكەین نەمان توانی ژێرخانی ئابوری وەرزشی كوردستان بەهێز بكەین، یاسایەك تایبەت بە وەرزش دەربكەین، كێ بوون ئەوانەی كە بوونە هۆكاری ئەوەی لە دوای 30 ساڵ ئێستا وەرزشی كوردستان و یاریگای كوردستان بكەنە مایەی گاڵتە جاڕی؟ كێ بوون ئەوانەی وەرزشی كوردستانیان ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپتر برد؟ كێ بوون ئەوانەی چەندین ساڵە وەرزشی كوردستانیان لەو دۆخە چەقبەستووە هێشتوەتەوە و خۆیان بوون بە بزنسمان و ملیۆنێر لەسەر وەرزشی كوردستان؟ بۆیە حەقوایە بە هەموومانەوە بە ڕاگەیاندن و بە یاریزان و بە ڕاهێنەر بە هاندەرانیشەوە تەواوی ئەو گاڵتە جاڕیانە لە فشاردا كۆ بكەینەوە و بیكەینە هەڵوێست بەرامبەر ئەوانەی كە بوونە هۆكاری ئەوەی وەرزشی كوردستان لە دوای ئەو هەموو ساڵە تا ئێستا خاوەنی یاریگایەكی نێو دەوڵەتی نیە تا ئێستا خاوەنی ژێرخانی ئابورییەكی بەهێز نییە خاوەنی یاسایەكی تایبەت بە وەرزش نیە.

هەموو ئەمە نمونونانەو چەندین نموونەی تر لە وەرزشی كوردستاندا لە بەرچاون كە ڕۆژ بە ڕۆژ بوونەتە هۆكاری دواخستنی وەرزشی كوردستان و هەموو ئەوانەشی كە چەندین ساڵە بوونەتە هۆكاری ئەم نەهامەتیانەی وەرزشی كوردستان چەندین ساڵە نوساون بە كورسیەكانیانەوە و خەمی ئەوان تەنها مانەوەیانە لە سەر كورسیەكانیان نەك خەمی دروستكردنی یاریگای نێو دەوڵەتی و پێشكەوتنی وەرزشی كوردستان. بۆیە جارێكی تر دەیڵێمەوە وەرزشی كوردستان مایەی گاڵتە جاڕی نیە بەڵكو ئەوانە مایەی گاڵتە جاڕین كە وەرزشی كوردستانیان بەم دەردە بردووە و ئەبێت یەكەمجار ڕووی دەممان لەوان بكەین لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت و ڕووبەڕوی یاسا بكرێنەوە.

نووسینی ڕاگەیاندنکاری وەرزشی / هەردی حەسەن

بابەتی زیاتر

Back to top button