
یاریگا-یانەی ریاڵ مەدرید بەنیازی هیچ گۆڕانکارییەک نیە لە پێکهاتەکەی سەرەڕای ئاستە خراپەکەی ئەم دواییەی یانەکە.
لە چەند بابەتێکی جیاوازی رۆژنامەکانی ئیسپانیادا هاتووە، لەگەڵ ئەوەی بۆردی بەڕێوبەرایەتی یانەکە نیگەرانن بەڵام بەنیازی هیچ گرێبەستێک و گۆڕانکارییەک نین. رۆژنامەی ئاس نوسیوییەتی کارلۆ ئەنشلۆتی بە نهێنی داوای هێرشبەرێک و بەرگریکارێکی باڵی لە بۆردی یانەکە کردووە بەڵام رەتیان کردووەتەوە. مارکاش دەڵێت فلۆرەنتینۆ پێرێز و خۆزێ ئەنخل سانچێز پێیان وایە دابەزینی ئاست هۆکارەکەی تەنها ماندوبوونی جەستەیی و یانەکە دەگەڕێتەوە ئاستی خۆی بە بێ گواستنەوەی هیچ یاریزانێکی دیکە. خۆزێ ئەنخلی بەڕیوبەری گشتی مەدریدی ئەوەشی بە ستافی تەکنیکی راگەیاندووە کە دەتوانن سوود لە یاریزانە لاوەکانی تیمی دووهەم ببینن نەک چاویان لە هێنانی یاریزانی نوێ بێت.
کۆپێ ش دەڵێت، بەڕێوبەرانی یانەکە ئاگاداری نیگەرانییەکانی هاندەرانن و خۆشییان ترسییان هەیە بەڵام بڕیاری کۆتایی هەر ئەوەیە ئارام بگرن و تا کۆتایی وەرز بەم پێکهاتەیە بەردەوام بن.
بە چەند هەفتەیەک بەر لە دەستپێکی جامی جیهانی ئاماژەکانی دابەزینی ئاستی یانەکە دەرکەوتن و دوای مۆندیالی قەتەڕیش مەدرید بەهەمان لاوازییەوە بینرایەوە بەڵام خراپی ئاستی یانەکە لە کلاسیکۆی بەرامبەر بارسا لە یاری کۆتایی جامی شا گەیشتە لوتکە. بە جۆرێک کە لە کۆتا پێنج یاریدا، مەدرید تەنها سێ گۆڵی لە یاری کراوەدا تۆمارکردووە.