یونایتد لە گواستنەوەی ئەنتۆنی کەوتۆتە هەڵەوە

یانەی مانچێستەریونایتد پێی وایە بە هەڵە بڕە پارەیەکی زۆر زیاترییان لە گواستنەوەی ئەنتۆنی خەرج کردووە لەوەی کە دەبوو بیدەن.
هێرشبەرە بەڕازیلییەکە هاوینی ئەمساڵ بووە چوارەم گرانترین گرێبەستی مێژووی پریمەرلیگ بە ١٠٣ ملیۆن یۆرۆ لە ئەجاکسەوە گوێزرایەوە بۆ یونایتد. لە یەکەم یاری خۆیدا لەگەڵ یانەکە توانی گۆڵ تۆماربکات بەڵام لەوکاتەوە تەنها سێ گۆڵی دیکەی تۆمارکردووە.
بەگوێرەی ئی ئێس پی ئێن، بەرپرسانی یونایتد ئەوەیان قبوڵ کردووە کە بڕە پارەیەکی زۆر زیاترییان خەرجکردووە لەوەی کە دەبوو بیدەن، چونکە لە سەرەتای هاوین کاتێک داوای نرخی ئەو یاریزانەیان لە ئەجاکس کرد، تەنها ٦٤ ملیۆن بوو بەڵام لە کۆتا رۆژەکانی بازاڕی گواستنەوەدا، ئەجاکس سوودی لە لاوازی هەڵوێستی یونایتد وەرگرت بەهۆی کەمی کات و فشاری هاندەران، سەرەنجام نزیکەی ٤٠ ملیۆن زیاتر لە نرخی خۆی، ئەو یاریزانەیان بەسەر یانە ئینگلیزییەکە ساغ کردەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، یونایتد پەشیمان نیە لە گواستنەوەی ئەنتۆنی و پێیان وایە ئەو یاریزانە دەتوانێت ئاستێکی بەرز نیشان بدات و کاتی پێویستیشی لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی زیاتر گەشە بکات.