ئیسپانیا

پیکێ چی بە کۆستا گوتووە دوای کارتە سوورەکەی هێرشبەرەکە؟

یاریگانێت- شەوی ڕابردوو لە میانی هەفتەی 31ی خولی ئیسپانیی بارسا میوانداریی ئەتڵەتیکۆ مەدریدی کرد و یارییەکەشی بە دوو گۆڵی بێ وەڵام لە میوانەکەی بردەوە.

لەو یارییەدا دیەگۆ کۆستای هێرشبەری ڕۆخی بلانکۆس لە خولەکی 28 بە کارتی سووری ڕستەوخۆ کرایە دەرەوە، دوای ئەوەی بە گوتەی ناوبژیوان “کۆستا سووکایەتی و جنێوی بە دایکم داوە.”

دوای وەرگرتنی کارتە سوورەکە، جێرارد پیکێ بینرا زۆر بە پەرۆش و شڵەژاوییەوە لە کۆستا نزیک بوویە و لەگەڵیدا دەدوا. ڕۆژنامەکان قسەی بەرگریکارەکەیان بڵاوکردۆتەوە گوایە پێی گوتووە: “بەسە، بێ دەنگبە، چیت دەوێت، ڕاگرتن بۆ چوار یاری؟”

ئەمڕۆ ناوبژیوان ڕاپۆرتی دڵنیایی لەسەر قسەکانی کۆستا پێشکەش کرد. تا ئێستا سزاکەی کۆستا بە فەرمیی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام بە گوێرەی سەرچاوە جیاوازەکان لە نێوان 4-12 یاری دەبێت.

Back to top button