بولەیهی: لە مێسیم بردەوە و ڕۆناڵدۆش لە یاریگادا دەمناسێت
یاریگا-
عەلی بولەیهی، یاریزانی هەڵبژاردەی سعودییە و یانەی هیلالی هەمان وڵات دڵخۆشی خۆی دەربڕی بە نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەكەی.
بەشێوەیەكی فەرمی یانەی هیلالی سعودی نوێكردنەوەی گرێبەستی بولەیهی بۆ ماوەی ساڵێك و لەگەڵ پەسەندكردنەوەی بۆ ساڵی داهاتوو ڕاگەیاند.
لە لێدوانیدا بۆ ڕۆژنامەی ڕیازیەی سعودی بولەیهی ووتی: کاتێک هەر یاریزانێک نزیک دەبێتەوە لە بەسەرچوونی گرێبەستەكەی ، هەندێک قسە دەستپێدەکات سەبارەت بە گواستنەوەی بۆ یانەیەكی دیكە یان نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی بەڵام من گرنگیم بەو شتە نەدا، و سەرنجم لەسەر هیلالە.
سەبارەت بە گواستنەوەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بۆ یانەی نەسڕ وتی: گرێبەستەکەی ڕۆناڵدۆ سوودی بۆ سعودیە دەبێت، چونکە لە باشترین یاریزانەکانی جیهانە، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم، پێی دەڵێم بەم زووانە دەتبینین.
بەردەوامیش بوو ووتی: تەنها لە خۆم دەترسم، ڕۆناڵدۆش دەزانێت بولەیهی كێیە كاتێك بە تەواوی هێزمەوە ڕووبەڕووی دەبمەوە.
لە كۆتایشدا بەرگریكارەكەی هەڵبژاردەی سعودییە ووتی: گرنگ نییە کێ بەرامبەر بولەیهی یاری دەکات، گرنگ ئەوەیە متمانەم بەخۆم هەبێت، بۆیە لە هیچ یاریزانێکی تۆپی پێ ناترسم، گرنگ نییە کێیە، بە مێسیم وت ئەگەر 5 یاریش بەرامبەر ئێمە ئەنجام بدەیت، ناتوانیت لە ئێمە ببەیتەوە.