پەیامی مانێ دوای كرانە دەرەوەی هەڵبژاردەكەی لە جامی جیهانی
یاریگا-
سادیۆ مانێ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی سەنیگال و یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی پەیامێكی بڵاوكردەوە دوای شكستهێنانی هەڵبژاردەكەی بەرامبەر ئینگلتەرا.
هەڵبژاردەی سەنیگال ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بوویەوە و یاریەكەش بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ وەڵام لە بەرژەوەندی ئینگلیزەكان كۆتایی هات، لە میانەی یاریەكانی قۆناغی شانزەی جامی جیهانی 2022ی قەتەڕ.
سادیۆ مانێ بەهۆی پێكانەوە نەیتوانی بەشداری پاڵەوانیەتیەكە بكات و لە لیستی یاریزانەكان دوورخرایەوە.
لە دوای یاریەكە مانێ پەیامێكی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاوكردووەتەوە و نووسیویەتی: براكانم، گەلی سەنیگال شانازیتان پێوە دەكات بۆ ئەوەی ئەنجامتاندا، جێگای خۆتان لە دڵی هەموو سەنیگالیەكان و هەموو هاندەراندا كردەوە، بە بەرگریكردن لە ئاڵای نیشتیمان.
هەروەها نووسیویشیەتی: بەردەوام بن لە فێر بوون و بەختێكی باشتر، ئێمە بەدوای پاڵەوانیەتیەی زیاتردا دەگەڕێین ان شاء اللە.