داوا لە فیفا دەکرێت ئێران لە جامی جیهانی دەربکرێت و ئۆکرانیا یان ئیتاڵیا بانگهێشت بکرێت
فشارەکان لەسەر فیفا تادێت زیاتر دەبێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردەی ئێران لە جامی جیهانی دووربخاتەوە.
ئێران لەلایەک بەهۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەژێر رەخنەدایە، لەلایەکی دیکەش بەهۆی پێدانی مووشەک و درۆن بە رووسیا دژی ئۆکرانیا و ئەمەش وایکردووە داوابکرێت هاوشێوەی رووسیا، ئێرانیش لە جامی جیهانی دووربخرێتەوە.
ئەمڕۆ نامەیەکی کراوە بۆ جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفا نێردراوە لەلایەن باڵوێزێکی نەتەوەیەکگرتووەکان و تێیدا هاتووە ” جیهان چاوەڕوان کردار و سەرکردایەتی ئێوە دەکات بۆ دوورخستنەوەی ئێران، ناکرێت ملیارەها خەڵک چاوەڕوانی جامی جیهانی دەکەن و رێگە بدرێت بە هەواڵی نەرێنی سیاسیی کاریگەری لەسەر ئەو پاڵەوانێتییە دروست بێت”.
باڵیۆزەکە کە نوێنەرایەتی وڵاتی دۆمینیکا دەکات داوای کردووە ئیتاڵیا لەبری ئێران بانگهێشت بکرێت، هەندێکیش لە فشارەکان بۆ ئەوەن ئۆکرانیا بێت وەک تۆڵەکردنەوەیەک لە ئێران بۆ کوشتنی خەڵکی ئەو وڵاتە و هاوکاریکردنی رووسیا.