ئینگلتەرا
رۆناڵدۆ سزاکەی یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا قبوڵ ناکات

کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئامادە نیە دان بەوەدا بنێت هەڵەیەکی کردووە لە کەیسی شکاندنی مۆبایلی دەستی منداڵێک.
وەرزی رابردوو ڤیدیۆیەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی و دەردەکەوێت لە کاتی هاتنە دەرەوەیدا، رۆناڵدۆ دەکێشێت بە دەستی منداڵێک و مۆبایلەکەی دەشکێنێت، لەسەر ئەو رووداوە یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا رۆناڵدۆی سزا دا بە تۆمەتی “هەڵسوکەتی نەشیاو”.
کریس تا رۆژی دووشەممەی لەبەردەم بوو تاوەکو وەڵامی بڕیارەکە بداتەوە، ئێریک تێن هاگی راهێنەریش رایگەیاند رۆناڵدۆ سزاکە قبوڵ ناکات.
لەو بارەشدا کەیسەکە دەچێتە دادگا یاخود دەکشێندرێتەوە.
جگە لە یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا، پۆلیسی مانچستەریش لێکۆڵینەوەیان لە بابەتەکە کرد و رۆناڵدۆ بە پێدانی ئاگادارکردنەوەیەک بەڕێ کرا.