ئینیێستا: دەمەوێت بگەڕێمەوە بارسا

ئەندرێس ئینیێستا بە راشکاوانە باس لەوە دەکات لە رۆڵێکدا دەیەوێت بگەڕێنێتەوە بارسێلۆنا و یەکێکیش لە رۆڵەکان راهێنەرە!
ئەستێرە مێژووییەکەی بارسا لەلایەن گازیتا دیلۆ سپۆرت چەند پرسیارێکی لێکرا و سەبارەت بە دۆخی یانەکە بەر لە یارییە چارەنووسازەکەی ئینتەر وتی “ئەوە روونە دۆخی دەروونی یاریزانەکان جێگیر نیە، بردنەوە لایەنی دەروونی بەهێز دەکات بەڵام یەک شکست بەسە بۆ ئەوەی گومانت لەسەر دروست بێت، یارییەکەی ئینتەریش قورس دەبێت چونکە تیمێکی بەهێزیان هەیە و رەنگە بە بەرگری یاری بکەن”.
ناوبراو ئێستا لە خولی ژاپۆنییە و سەبارەت بە داهاتوو و گەڕانەوە بۆ بارسا وتی “ساڵێکی دیکە لێرە دەمێنمەوە پاشان بزانین چۆن دەبێت، بەڵێ حەز دەکەم بگەڕێمەوە بەڵام نازانم لە چ رۆڵێکدا وەکو راهێنەر، بەڕێوبەری وەرزشی یان شتێکی تر بەڵام لە هەموو بارێکدا سەرەتا دەبێت بۆ خۆم بۆ ئەو دۆخە تازەیە ئامادە بکەم چونکە خۆم هێشتا تەنها وەک یاریزانێک دەبینم”.
ئەندرێس چوار ساڵە لە ڤیسێڵ کۆبی ژاپۆنییە و وابڕیارە ساڵی داهاتوو وازی لە یاریکردن بهێنێت.