بارسا بە نیازی شەپۆلێکی دیکەی یاریزانی ئازادە

یاریگا-بارسێلۆنا لە ئێستاوە چاودێری ئەو یاریزانانە دەکات کە هاوینی داهاتوو گرێبەستەکانیان بەسەر دەچێت و ئەگەری مانەوەیان لاوازە.
بەگوێرەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ، یانەکە پێی وایە ئەو گواستنەوە ئازادانەی هاوینی ئەمساڵ ئەنجامیداون سەرکەوتووبون بەو پێیەی پارەی تێدا خەرج نەکردوون و یارمەتی یانەکەشیان داوە.
بەگووتەی سەرچاوەکە ماتیو ئەلیمانی وتوویەتی بۆ ئەوەی یاساکانی یاری خاوێنی ئیسپانیا نەشکێنن دەبێت هەوڵبدەن یاریزان بێ بەرامبەر بگوازنەوە. لە لیستی گرنگترین ئەو یاریزانانەی کە بارسا چاودێریان دەکات لە ئێستادا بریتین لە:
١- ئینیگۆ مارتینێز
ئینیگۆ ئەزموونی ساڵانێکی زۆری لالیگای هەیە و هاوکات بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئیسپانیاشە، تەمەنی تەنها ٣١ ساڵە و پێشتریش ئامانجی بارسا بووە.
٢- مارکۆ ئاسێنسیۆ
زیاد لەوانی دیکە پڕوپاگندەی گواستنەوەی هەیە بۆ بارسا و لێدوانی خودی یاریزانەکەش گومانەکانی تەنها زیاتر کرد، هێرشبەرەکەی مەدرید تەمەنی تەنها ٢٦ ساڵە و ئەوە یەکلا بووەتەوە یانەکە جێدەهێڵێت.
٣-جۆرجینهۆ
گرێبەستی جۆرجینهۆ لەگەڵ چێڵسی هاوینی داهاتوو بەسەردەچێت و بارساش پێویستی پێیەتی بۆ شوێنەکەی سێرجیۆ بوسکێتس
٤- لیۆ مێسی
مێسی ئەفسانە مێژووییەکەی بارسا تا ئێستا بڕیاری نەداوە گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس تازە دەکاتەوە یاخود یانەیەکی دیکە هەڵدەبژێرێت. بڕیاریدانی مێسی دەکەوێتە دوای جامی جیهانی بەڵام لە باری رۆیشتنیدا، گەڕانەوە بۆ بارسا بەهێزترین ئەگەرە.
ناوەکانی دیکە: میلان شكرینیار، نگۆلۆ کانتی، خۆزێ گایا، یوری تیەلسمان، دالۆت.
بارسا تەنها لە هاوینی رابردوو هەریەک لە مارکۆ ئەلۆنزۆ، کیسێ، کریستیانسن، بێلیرین)ی بێ بەرامبەر گواستەوە.