کوردستان

دەربەندیخان ڕیزەکانی بەهێزتر دەکات

یانەی دەربەندیخان بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان بەشێوەیەکی چڕ مەشق و ئامادەکاریەکانی دەستپێکردووە بۆ ئەوەی ئەمساڵ بتوانێت کێبڕکێی ناسناوەکە بکات و دڵی هاندەرانیان خۆش بکەن، یانەکە بۆ ئەم وەرزە چەندین یاریزانی بە توانای گواستۆتەوە ڕیزەکانی بەردەوامیشە لە بەهێزکردنی تیپەکەی.

بۆ ئەم مەبەستەش یانەی دەربەندیخان پەنای بردۆتە بەر دوو یاریزانی پیشەگەری هێرشبەر کە ئەوانیش هەریەك لە ( ئیمانوێل پیتەر)ـی غانی و ( سامبا دیالۆ)ـی مالی یە، هەردوو یاریزانەکە گەیشتوونەتە کەمپی مەشق و ڕاهێنانی یانەی دەربەندیخان کە ئێستا دۆکان بەردەوامی بە ئامادەکاریەکانیان دەدەن.

هەر دوێنێش هەریەک لە یاریزانان ( دانەرکەریم و میران عەزیز ) لە سەر داوای خۆیان بە هۆکاری خوێندن گرێبەستیان لەگەل دەربەندیخان هەڵوەشاندەوە.

یانەی دەربەندیخان بۆ ئەم وەرزە ئەرکی ڕاهێنەرایەتی بە ( هەرێم بورهان ) سپاردووە، ئامانجیشیان کێبڕکێی بەدەست هێنانی ناسناوی خولی نایابی کوردستانە بۆ یەکەمجار لە مێژووی یانەکە.

بابەتی زیاتر

Back to top button