
یاریگا-هاوینی ئەمساڵ یانەکانی پریمەرلیگ زیاد لە ٢.٢ ملیار یۆرۆیان لە گواستنەوەی یاریزانان خەرجکرد، ئەمەش زیاترە لە کۆی هەر چوار خولە گەورەکەی دیکەی ئەورووپا بەیەکەوە.
هەشت یانەی پریمەرلیگ لەم هاوینە زیاد لە ١٠٠ ملیۆن یۆرۆیان خەرجکرد، لە دەرەوەی ئەو خولە تەنها بارسێلۆنا و پاریس و بایەرن گەیشتوونەتە ئەو بڕە، رۆژنامەی مارکا راپۆرتێکی لەسەر ئەو بابەتە کردووە و بەمجۆرە هۆکارەکەی دەخاتە روو
١-مافی پەخشی یارییەکان
هۆکاری سەرەکی دەوڵەمەندی یانەکانی پریمەرلیگ ئەو بڕە پارە خەیاڵییەیە لە پەخشی یارییەکان دەستییان دەکەوێت. پێشتر سکای سپۆرت تەنها بە ٣٥٠ ملیۆن یۆرۆ پەخشی یارییەکانی پریمەرلیگی لە چنگی ئای تیڤی دەرهێنا، بەڵام ئێستە ئەو تۆڕە ١٢ ملیار یۆرۆی داوە تەنها بۆ ٢٠٢٢ تاوەکو ٢٠٢٥. ئەمەش دەکاتە چوار ملیار یۆرۆی ساڵانە، لە بەرامبەر ئەوەدا لالیگا بە نموونە مافی پەخشی یارییەکانی لە ٢٠٢٢-٢٠٢٧ کە دەکاتە پێنج وەرز فرۆشتووە بە ٤.٩٥ ملیۆن یۆرۆ. ئەمەش دەکاتە کەمتر لە یەک ملیار یۆرۆی ساڵانە و پریمەرلیگ چوار هێندەی لالیگای لەو بابەتە دەست دەکەوێت.
٢- شێوازی دابەشکردنی مافی پەخشی یارییەکان
هۆکارێکی دیکە ئەوەیە، بڕە پارەی مافی پەخشی یارییەکان لە پریمەرلیگ بەشێوەیەکی دادپەروانە دابەش دەکرێت. لە وەرزی رابردوو ٢.٩٥٨ ملیار یۆرۆ بەسەر ٢٠ یانەکەی پریمەرلیگ دابەشکرا. سیستەمی ئەو خولە بە جۆرێکە ٩٩ ملیۆن یۆرۆ دەدرێت بە سەرجەم ٢٠ یانەکە و پاشان بڕێکی دیکەش بەپێی ریزبەندی کۆتاییان لە خولەکە
مان سیتی پاڵەوان ١٦٩ ملیۆن یۆرۆی کۆکردەوە بەهۆی ئەوەی یەکەم بوو، وە شێفڵد یونایتد کە لە کۆتا پلە هات ١١٤.٥ ملیۆن یۆرۆی بەرکەوت.
بەراورد بە لالیگا کۆی بڕە پارەی دابەشکراو ١.٤ ملیار بوو، بارسا زۆرترین بەرکەوت بە ١٦٥ ملیۆن بەهۆی ئەوەی لەو خولە بەپێی ژمارەی بینەری یارییەکان داهاتەکان دەگۆڕێت، لە بەرامبەردا هوێسکا تەنها ٤٦.٨ ملیۆنی بەرکەوت .
ئەمەش وایکردووە تەنانەت یانە ئاست نزمەکانی پریمەرلیگ بتوانن پارەیەکی زۆر بەدەست بهێنن و چالاکبن لە بازاڕی گواستنەوە.
٣- بڕە پارەی پاشکۆی سەرکەوتن بۆ پریمەرلیگ
لە ئینگلتەرا جیاواز لە سەرجەم خولەکانی دیکە، پارەیەکی خەیاڵی بەو تیمانە دەدرێت کە سەردەکەون بۆ پریمەرلیگ. ئەو تیمانەی لە ریزبەندی سێهەم تاوەکو شەشەمی خولی پلە یەکی ئینگلتەران سەردەکەون بۆ پاشکۆی گەیشتن بە پریمەرلیگ.
یارییەکان لە یاریگای وێمبڵی ئەنجام دەدرێن و بەگوێرەی ئەتلەتیک، یانەکانی پاشکۆ داهاتییان دەگاتە سەروو ٢٠٠ ملیۆن بەهۆی گرانی مافی گواستنەوەی یارییەکان و هەروەها ریکلام و بازرگانی ، بەهۆی ئەمەیە کە یانەیەکی وەک نۆتینگهام فۆرێست دەتوانێت لە یەک بازاڕی گواستنەوەدا ٢١ یاریزان بگوازێتەوە!
لە کاتی دابەزینیش لە پریمەرلیگ بۆ خولی پلە یەک، مافی پەخشی یارییەکانی ئەو یانەیە هەر وەک خۆی دەدرێت بەو یانەیە.
٤-دۆخی یاریگا و ئارامی
ئینگلتەرا وڵاتێکی ئارام و بێ توندوتیژییە بەشێوەیەکی گشتی، هەروەها رێگاوبان و یاریگاکانیان زۆر پێشکەوتوون بەراورد بە زۆرێک لە وڵاتەکانی دیکە، ئەمەش وایکردووە ژمارەیەکی زیاتر لە سپۆنسەر و کۆمپانیا گەورەکانی جیهان بەلای خۆیانندا رابکێشن. هەروەها بازرگانە ملیاردێرەکانە لەبەر ئەم هۆکارە هەمیشە هەوڵی کڕینەوەی یانەکانی ئەو وڵاتە دەدەن و پارەیەکی خەیاڵی دەخەنەوە نێو خولەکە لەرێگەی کڕینی یاریزانان و پێدانی باجێکی زیاتر بە پریمەرلیگ و حکومەتی ئەو وڵاتە.
٥- نەبوونی سنوور بۆ موچەی یاریزانان
لە پریمەرلیگ تا ئێستا یاسایەک نیە سنوور دابنێت بۆ ئەو موچەیەی یانەکان بۆ یاریزانەکانیان دادەنێن. بەگوێرەی تایمز یوفا دەیەوێت تاوەکو ٢٠٢٥ ئەو خولە ناچاربکات کە کۆی خەرجییەکانی یانەکە بە مووچەوە نەگاتە سەروو ٧٠٪ی داهاتی ساڵانەیان بەڵام روون نیە ئەمە جێبەجێ دەکرێت یاخود نا. لە ئێستادا یانەکان ئازادن لە هەر مووچەیەکی بەرز کە بیدەنە یاریزانەکان و ئەمەش وایکردووە زۆربەی یاریزانە گەورەکان رووبکەنە ئەو خولە و ئەرکی یانەکان بۆ گواستنەوەیان ئاسانتر بێت.
کارلۆ ئەنشڵۆتی راهێنەری بە ئەزموون لەوبارەیەوە دەڵێت “نازانم کەی خەرجکردنی ئەو هەموو پارەیە دەوەستێت لە پریمەرلیگ. ئێستا هەموو خولەکان بە ئیسپانیاشەوە دەیانەوێت لە پریمەرلیگ نزیک ببنەوە، بەڵام ئەوان ئێستا زۆر لە پێش سەرجەم ئەوانی دیکەوەن بەهۆی مافی پەخشی یارییەکان. جگە لەوە خولەکانی دیکە دەبێت وەک ئەوان گرنگی بە یاریگای نوێ، ، رێگاوبان و هۆیەکانی گواستنەوە بدەن”.