کوردستان

یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆمەڵێك بڕیارو ڕاسپاردەی دەرکرد

ئەمڕۆ یەکشەممە 7 / 8 / 2022 بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگر و سکرتێر و سەرجەم ئەندامانی، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ڕابردوو بڕیادرا بە دەستپێکردنەوەی خولی نایابی کوردستان لە ڕێککەوتی 13/ 10 / 2022 هەروەها دەستپێکردنی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان لە ڕێککەوتی 14/ 11 / 2022 هەروەها یاری جامی سوپەری کوردستان لە 1 / 10 / 2022 ئەمڕۆش یەکێتیەکە کۆمەڵێك بڕیاری تری دەرکرد و بە فەرمی ناوی 16 یانەکەی خولی نایابی کوردستانی دیاریکرد کە تیایدا لە یانە نایابەکان ئاماژە بە یانەی هەولێر نەکراوە و واتای دابەزینی یانەکەیە بۆ ڕیزی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، ئەمەی خوارەوە بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆیە:

1- بەڕێز (حاکم جەمال ) سەرۆکی یانەی وەرزشی هەندرێن سەردانی بارەگای یەکێتی تۆپی پێی کوردستانی کرد و لەبەشێک لەکۆبوونەوەی ئاسایی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بەمەبەستی زیاتر لەیەک تێگەیشتن و نزیکبوونەوە .

2- رۆژی چوارشەممە 10-8-2022 کاتژمێر 11ی بەیانی نوێنەری (کارمەندی کارگێڕی ) یانەکانی نایاب کە لەخوارەوە ناویان نووسراوە بەنووسراوی فەرمی ئامادەبن لەبارەگای یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بەمەبەستی روونکردنەوە و تێگەیشتن لە چۆنیەتی ناردنی نووسراو و لیستی یاریزانان بەشێوەی ئەلیکترۆنی ، چوونکە لەمەودوا وەک پێشووتر بڵاوکرایەوە سەرجەم نووسرا و کارەکان لەرێگای ئیمێڵ دەبێت ، بەپێچەوانەوە کارەکانیان وەرناگیرێت .
– یانەکانی نایاب بۆ وەرزی 2022-2023 :
( سیروانی نوێ – ھەندرێن – سەید سادق – چەمچەماڵ – نەورۆز – پێشمەرگەی هەولێر – دەربەندیخان – ئاڕاڕات – دهۆك – شێروانە – برایەتی – سۆران – شەقڵاوە – زاخۆ – ئاکرێ – چوارقوڕنە ).

3- رۆژی شەممە 20-8-2022 کاتژمێر 12 ی نیوەڕۆ نوێنەری یانەکانی نایاب (سەرۆك یان جێگر یان ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی ) لە بارەگای یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئامادەبن بەنووسراوی فەرمی بەمەبەستی کۆبوونەوەی دەستەی گشتی خولی نایابی کوردستان .

4- بڕیاردرا بەئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کوپەر بۆ ناوبژیونان لە رۆژانی ( 29-30 )-9-2022 .
تێبینی : بە نزیکبوونەوە لەم بەروارە کات و شوێنی تاقیکردنەوەکان دیاری دەکرێت .
5- خوێندنەوەی دووەم بۆ پەڕاوی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بۆ وەرزی 2022 – 2023 بۆ بەڕێوەچوونی خولەکانی کوردستان بەکۆتاھات و پەسندکرا .

بابەتی زیاتر

Back to top button