یاریگا-
ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسكی پۆڵەندی و ئەستێرەی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دووبارە خواستی خۆی بۆ جێهێشتنی یانەكەی دووپاتكردەوە.
گرێبەستەكەی لیڤاندۆڤسكی لەگەڵ بایرن لە هاوینی ساڵی 2023 بەسەردەچێت و ئۆفەرەكانی یانەكەی بە مەبەستی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی ڕەتدەكاتەوە.
هێرشبەرە پۆڵەندیەكە لە لێدوانیدا بۆ ڕۆژنامەی ” one sport ”ی وڵاتەكەی ووتی: دەمەوێت بڕۆم لە بایرن میونشن ، وەفا و ڕێز لە كارەكە گرنگترە ، باشترین ڕێگاش ئەوەیە بگەین بە ڕێككەوتن ، شتێك لە ناخمدا مرد و دەمەوێت بایرن جێبهێڵم بۆ هەستێكی زیاتر لە ژیانمدا.
سەبارەت بە بەكارهێنانی هێز و ڕێگە نەدان بە ڕۆشتن لەلایەن بایرنەوە لیڤا ووتی: بۆ چی وا دەكەن؟ چ جۆرە یاریزانێک دەیەوێت بێتە بایرن میونشن و بزانێت کە شتێکی لەو شێوەیە بۆی روودەدات؟ کەواتە دڵسۆزی و ڕێز لە کوێیە؟ من هەمیشە ئامادە بووم بۆ یاری کردن بۆ یانەكەم، هەشت ساڵی جوانم لێرە بەسەربردووە، خەڵکێکی زۆرم بینی و ناسی پێم خۆشە لە مێشکمدا بمێننەوە.
لە كۆتاییشدا ووتی: گفتوگۆی هیچ گرێبەستێك ناكەم كە بۆم دێت تەنها بارسێلۆنا نەبێت.