یاریگا-ئەمڕۆ هەڵبژاردەی ئەلیکترۆنی کوردستان لە میانەی جامی جیهانی ئەلیکترۆنی یاری ڤیدیۆیی فیفا لە یەکەم یاری کۆمەڵەکەیدا رووبەرووی ئینگلتەرا دەبێتەوە.
کوردستان چەند ساڵێکە هاوتای وڵاتان وەکو هەڵبژاردەیەک لەلایەن رێکخەرانی ئەم پاڵەوانێتییەوە دانی پێدا نراوە و تاکە هەرێمیشە کە مافی بەشداریکردنی هەیە.
دیاری حەسەن کاپتنی هەڵبژاردەکە سەبارەت بە ئامادەکارییەکانیان بۆ یاریگا وتی
“وەک هەڵبژاردەی کوردستان پشتگیری و یارمەتی هیچ لایەنێکی تایبەت و حکومیمان پێ نەگەیشتووە و لەسەر توانا سنووردارەکانی یاریزانان خۆمان ئامادە کردووە بۆ ئەم پاڵەوانێتییە جیهانییە ئەمەش کارەکەمانی زەحمەت تر کردووە بەراورد بە وڵاتانی تر کە پشتگیری زەبەلاحیان هەیە بەڵام ئێمە ئەم کارە بۆ ئەوە دەکەین کر نیشتیمانمان بە جوانترین شێوە پیشانی جیهان دەین، بۆیە درێغیمان نابێت”
بۆ ئەمساڵ لە پاڵ ئینگلتەرا، کۆستا ریکا و سەنگاپوور لە کۆمەڵەیەکدان. هاوکات عێراقیش بە جیا بەشدارە و باکووری ئێرلەندا، چیلی و رۆمانیا لە کۆمەڵەیەکی دیکەدان.
جامی جیهانی ئەلیکترۆنی پاڵەوانێتییەکە تێیدا سەرجەم وڵاتانەی لە رێگەی یاریزانانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان بەشداردەبن و لە یارییەکی فیفا پڕۆ دا رووبەرووی یەکدەبنەوە.