یاریگا-یەکێک لە بازرگانییە تازەکانی جیهانی دیجیتاڵی، ناردنی ڤیدیۆی پیرۆزبایی و نامەی تایبەتە لەلایەن کەسایەتییە ناودارەکان بۆ هاندەران بەرامبەر بڕە پارەیەک.
ماڵپەڕی کامیۆ، لەو بوارەدا کار دەکات و چەند یاریزانێکی ئێستا و پێشووی تۆپی پێ لەو ماڵپەڕەدا بە پارە کورتە ڤیدییۆیەکت بۆ تۆماردەکەن و ئەو پەیامەت بۆ دەڵین کە خۆت دەتەوێت.
تیاگۆ سیلڤای بەڕازیلی رووبەرووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە بەهۆی ئەوەی موچەکەی ٩٠ هەزار پاوەندی هەفتانەیە بەڵام بۆ تۆمارکردنی ناردنی ڤیدیۆی پیرۆزبایی رۆژی لە دایک بوون داوای ٤٠٠ دۆلار دەکات. هەروەها ئەگەر ڤیدیۆیەکت بوێت بۆ کاری ریکلام ئەوا بە ١٥٠٠٠ دۆلار تۆماری دەکات.
جگە لە تیاگۆ، یاریزانەکانی دیکەی وەک مارکینیۆس،پاوڵ ئینکە، خۆزێ خینتۆ، مایکڵ ئۆوێن، رۆبی فاولەر، مایکڵ ئیسیان و دەیان یاریزان و ناوبژیوان و راهێنەر و کەسایەتی دیکەی وەرزشی بەشدارن.