یاریگا-ئینگلتەرا، سکۆتلەندا و وێڵز لە ریزی ئەو وڵاتەندان کە داوا لە یەکێتی تۆپی پێی جیهان دەکەن رووسیا لە جامی جیهانی دووربخاتەوە.
پێشتر فیفا سزای ئەو وڵاتەی دابوو بەوەی کە دەبێت یارییەکان لە دەرەوەی خاکی خۆی ئەنجام بدات بە بێ ناو و دروشمی وڵاتەکە بەڵام ئێستا داوا دەکرێت سزاکان قورستربکرێن.
بەگوێرەی سکای سپۆرت، بڕیارەکەی فیفا، وڵاتانی ئەورووپای تووڕەکردووە و پێیان وایە سزاکان زۆر سوکن بەراورد بەو کاولکارییەی رووسیا بەسەر ئۆکرانیای هێناوە و پێویستە هەڵبژاردەی رووسیا و یانەکانی ئەو وڵاتە بە تەواوی لە یوفا و فیفا دەربکرێن.
رووسیا یاری پاشکۆی پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی هەیە بەرامبەر پۆڵەندا. بەرامبەرەکەشیان بەفەرمی رایانگەیاندووە ئامادەنین بەرامبەر رووسیا یاری بکەن.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە فیفا پێی وایە هێشتا کاتێکی زۆر لەبەردەم یارییەکان و جامی جیهانی دا هەیە و دەکرێت تا ئەوکات زۆر شت بگۆڕێن.