مۆرینهۆ: دەمانزانی چۆن لە ئەتەڵەنتا ببەینەوە
یاریگا-خۆزێ مۆرینهۆ دڵخۆشە بە بردنەوە گرنگەکەیان بەرامبەر ئەتەلەنتا و وەڵامی ئەوە کەسانەش دەداتەوە کە پێیان وابوو یانەکەی لە توانایدا نیە لە تیمە گەورەکان بباتەوە.
گورگەکانی رۆما لەم چەند ساڵەی رابردوو کێشەی هەبووە لە بردنەوە بەرامبەر تیمەکان. بە جۆرێک کۆتا بردنەوەی لە چوار تیمەکەی پێشەوە بەر لە ١٩ مانگ بوو. خۆزێ ئەمڕۆ توانی ٤-١ شکست بە ئەلەنتای خاوەن پلەی سێهەم بهێنێت و دوای یارییەکەش وتی “رۆحییەتی یاریکردنمان زۆر باش بوو، یاریزانەکان بە باشی دەیزانی بەرامبەر چ یانەیەک یاری دەکەن و چۆن دەیبەینەوە، تیمەکەمان نموونەیی بوو لە هەموو روویەکەوە و ناوبژیوانیش نمونەیی بوو. بەردەوام گوێم لەوەدەبوو رۆما ١٩مانگە لە تیمە گەورەکانی نەبردووەتەوە بەڵام ئێستا دەبێت بڵێن ٢٠ خولەکە”.
لەگەڵ ئەوەش خۆزێ دانی بەوەدانا هێشتا زۆر لەدووان و وتی “نامەوێت ناوی ئینتەر بهێنم چونکە پێم وایە ئاستێک لە سەروو سەرجەم یانەکانی دیکەیە بەڵام دەتوانین لە میلان، ناپۆلی و ئەلەتەنتا ببەینەوە ئەگەر لە هەموو رووییەکەوە باش یاری بکەین”.