
یاریگا–
رۆناڵدۆ نازاریا، ئەفسانەی پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی پێ بەڕازیل رەتیدەکاتەوە هەبوونی کۆمەڵێک یاریزانی دیار لە یانەیەک واتای ئەوە بێت ئەو یانەیە پاڵێوراوی سەرەکیە بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی چامپیۆنزلیگ.
یاریزانەکەی پێشووی سامبا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی وەرزشی لاگازێتا دلۆ سپۆرتی ئیتاڵی دەڵێت ” یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسا ئەم هاوینە کۆمەڵێک یاریزانی دیاری گواستووەتەوە، لەوانەش لیۆنێل مێسی، راستە لە ئێستاوە ئەو یانەیە پاڵێوراوە بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی چامپیۆنزلیگ، بەڵام زووە باس لەم بابەتە بکرێت، من پێموایە هەبوونی کۆمەڵێک یاریزانی دیار مانای ئەوە نیە کە تۆ هەموو شتێکت کردووە بۆ بەدەستهێنانی ناسناوەکە ”.
رۆناڵدۆی دیاردە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کاتێک لە ریزەکانی یانەی ریال مەدرید بوو، ئەوانیش کۆمەڵێک یاریزانی بە توانایان هەبوو، بەڵام هەرگیز نەیانتوانی ناسناوی چامپیۆنزلیگ بەدەست بێنن.