یاریگا-
جیانلویجی دۆنارۆمای ئیتاڵی و گۆڵپارێزی نوێی یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی بە لێدوانێك كێبڕكێی لە نێوان خۆی و كەیلۆر ناڤاس گەرمتر كرد.
لەم هاوینەدا بە گرێبەستێكی ئازاد دۆنارۆما لە ڕیزەكانی ئەی سی میلانی ئیتاڵیەوە پەیوەندی بە پاریس سان جێرمانەوە كرد.
دۆنارۆما لە لێدوانیدا بۆ كەناڵ پڵەسی فەڕەنسا ووتی: گەشتینە ڕێككەوتن لەگەڵ پاریس سان جێرمان چونكە دەیانویست من بگوازنەوە و منیش دەمویست بێمە ئێرە.
هەروەها ووتیشی: كێبڕكێیەكان نامترسێنێت ، بەڵكو پێوویستە و سوودی دەبێت بۆ هەردوولا هەروەها وا دەكات كە ئاستی خۆت زیاتر بەرەو پێشەوە ببەیت.
هەروەها باشترین یاریزانی یۆرۆی 2020 ووتیشی: هاتووم بۆ ئێرە و تەواوی تواناكانی خۆم دەخەمە گەڕ تا سەرەكی بم لێرە ، شتێكی ئاسایە كێبڕكێ هەبێت و هیچ كێشەیەك نیە لەوەدا ، ناڤاس هاوڕێمە و كەسێكی نایابە.