یاریگا-
لە ماوەی چەند كاتژمێری ڕابردوودا لێدوانەكان لەسەر داهاتووی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی و ئەستێرەی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی زیاتر بڵاوبوویەوە.
شەوی ڕابردوو ئیدۆ ئەگێری ڕۆژنامەنووس و هاوڕێی نزیكی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ باسی لە گەڕانەوەی هێرشبەرە پورتوگالیەكە دەكات بۆ ڕیاڵ مەدرید و ئاشكرایكرد كارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەر دەیەوێت دۆن بگەڕێتەوە یانەكە.
بەڵام لای خۆیەوە فابریزیۆ ڕۆمانۆ ڕۆژنامەنووسی باوەڕپێكراو لە تۆڕی هەواڵی سكای سپۆرت لە ئینستاگرامی تایبەتی خۆی چەند خاڵێكی لەسەر داهاتووی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئاشكراكرد:
– یانەی یوڤێنتوس هەمیشە ڕایگەیاندووە كە كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دەمێنێتەوە و بەشێك دەبێت لە تیمەكە ، هەروەها لە چەند كاتژمێری ڕابردوودا هیچ ئۆفەرێك یان پێشنیارێكیان بۆ نەهاتووە سەبارەت بە كریستیانۆ.
– كریستیانۆ گرێبەستەكەی لەگەڵ یوڤێنتوس لە هاوینی 2022 بەسەردەچێت و لە گفتوگۆدا نیە بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی.
– یانەی مانچێستەر سیتی هیچ گرنگیەك بە گواستنەوەی كریستیانۆ نادات لەم هاوینەدا ،مان سیتی هەمیشە هەوڵی گواستنەوەی هاری كەین دەدات لە گواستنەوەكانی ئەم هاوینەدا.
– پاریس سان جێرمان هیچ نیازێكی نیە بۆ واژۆكردنی گرێبەست لەگەڵ كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دوای گواستنەوەی لیۆنێل میسی ، بۆیە هیچ گفتوگۆیەك یان پەیوەندیەكی بەردەوام نیە ، پاریس هێشتا دڵنیایە لە هێشتنەوەی كیلیان مباپێ لەم وەرزەدا ، بەڵام ڕیاڵ مەدرید ئامادەیە بۆ گواستنەوەی مباپێ لە ماوەی 15 ڕۆژی داهاتوودا یاخود هاوینی داهاتوو ، مەگەر خلێفی ڕێگە بە ڕۆشتنی یاریزانەكە نەدات.
– ئیدۆ ئەگێری لە بەرنامەی ئیل چیرینگتۆ حەزی كارلۆ ئەنچیلۆتی بۆ گەڕانەوەی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئاشكرا كرد ، بەڵام یوڤێنتوس هیچ ئۆفەرێكی وەرنەگرتووە، فلۆرینتینۆ پێرێز ئەو پیاوەیە كە هەموو بڕیارەكان لە ڕیاڵ مەدرید بەدەستی ئەوە ،هەموو شتێك لە ڕیاڵ لە سەرۆكەكەیانەوەیە.