یاریگا-
دوای کۆتایی هاتنی وەرزی رابردوو چەندین یانە هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی ئێرلینگ هالاند هێرشبەری لاوی نەرویجی یانەی بورووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانیا راگەیاند و خودی باوکی ئەو یاریزانەش لەگەڵ مینۆ رایۆلای بەرێوەبەری کارەکانی بۆ ئەم مەبەستە سەردانی چەندین یانەیان کرد.
میشایل تسۆرک بەرێوەبەری وەرزشی لە یانەی بورووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانیا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی بیڵدی وڵاتەکەی سەبارە بە داهاتووی گۆڵکاری لاوی یانەکەیان گووتی ” هیچ شتێک گۆڕانکاری بەسەر نەهاتووە و ئێمە ئامادەکارییەکانمان لەگەڵ هالاند بۆ وەرزی نوێ دەست پێدەکەین ”. بەم شێوەیە ئەو بەرپرسەی زەردەواڵەکان هەموو ئەو یانانەی بێ هیوا کرد کە هەوڵی گواستنەوەی گۆڵکارە لاوەکەی یانەکەیان دەدەن.
هالاند لە ساڵی 2019 بەرامبەر 20 ملیۆن یۆرۆ گواسترایەوە ریزەکانی یانەی بورووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی و ئێستاش نرخەکەی بە 130 ملیۆن یۆرۆ لە ماڵپەری ترانسفێر مارکێت خەمڵێندراوە و گرێبەستەکەشی لەگەڵ یانەکەی ساڵی 2024 کۆتایی دێت.