
یاریگا-
کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری ئیتاڵی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە پێناو رێکخستنەوەی ریزەکانی داوای لە کارگێری یانەکەی کردووە چەند یاریزانێک لەم هاوینە بۆ ریزەکانیان بگوازنەوە، یەکێک لەو یاریزانانەش ریچالیسۆن هێرشىەری هەڵبژاردەی برازیل و یانەی ئێڤەرتۆنی ئینگلیزە.
ماڵپەری گۆڵ ئاشکرای دەکات کە راهێنەرە ئیتاڵیەکە نایەوێت پشت بە هەردوو هێرشبەری یانەکەی ماریانۆ دیاز و لوکا یۆڤیچ ببەستێت، بۆیەش لەوانەیە ئەو دوو یاریزانە ناچاربن ئەم هاوینە یانەکەیان جێبێڵێن، بۆ ئەم مەبەستەش داوای لە کارگێری یانەکەی کردووە هێرشبەرە برازیلیەکە بۆ ریزەکانیان بگوازنەوە و خودی ئەو راهێنەرەش چەندجارێک قسەی لەگەڵ ئەو یاریزانە کردووە.
ریچالیسۆن بۆ ماوەی ساڵ لە یانەی ئێڤەرتۆن کاری لەگەڵ ئانچێلۆتی کردووە و ئەو یاریزانە لەگەڵ یانە ئینگلیزیەکە بەشداری 119 یاری کردووە و 42 گۆڵ و نۆ ئاسیستی هەبووە و گرێبەستەکەشی لەگەڵ یانەکەی لە ساڵی 2024 کۆتایی دێت و لە ماڵپەری ترانسفێرمارکێت نرخەکەی بە 55 ملیۆن یۆرۆ خەمڵێندراوە.