سەرکردەکەی دانیمارک رۆڵێکی سەرەکی لە زیندوو مانەوەی ئێریکسن بینیوە
یاریگا–
سیمۆن کایەر، کاپتنی هەڵبژاردەی دانیمارک هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ رێگری کردن لە کارەساتێکی دڵتەزین و دوای لە هۆشچوونی کریستن ئێریکسن ئەو یاریزانە هەر زوو فریای کەوت و نەیهێشت زمانی قوت بدات.
ماڵپەری فێدراسیۆنی تۆپی پێ دانیمارک بڵاویکردەوە دوای ئەوەی ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان بەهۆی جەڵتەی دڵ لە یاری بەرامبەر فینلەندا بەر زەوی کەوت، یەکسەرکاپتنی هەڵبژاردەکەیان زمانی لە قورگی دەرهێنا و نەیهێشت زمانەکەی رێگر بێت لە هەناسەدانی و دواتریش لەسەر لای راستی دانا و بەم هۆیەوە دوای چەند چرکەیەک یاریزانەکە بەهۆش خۆی هاتەوە.
ئێریکسن دوای وەرگرتنی چارەسەری لەلایەن تیمی پزیشکی ئەو کات هاوسەرەکەی هاتە ناو یاریگا و لە خەمی هاوژینەکەیدا فرمێسک بە چاوەکانیدا دادەبارین و ئارام و قەراری نەبوو، هەر ئەو کاتیش کایەری کاپتنی دانیمارک خۆی گەیاندە هاوسەری هاوڕێیەکەی و دڵنەوایی دایەوە و ئارامی کرد.