یاریگا–
ئالڤارۆ مۆراتا، هێرشبەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە چاوپێکەوتنێکدا باس لەسەردەمی یاری کردن لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ریزەکانی یانەی ریال مەدرید دەکات.
هێرشبەرەکەی لارۆخا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی وەرزشی مارکای وڵاتەکەی گووتی ” ئەو کاتانەی لە ریال مەدرید لەگەڵ کریستیانۆ بووم، چونکە بە تەمەن لە ئەو بچوکتر بووم، زۆرم قسەم لەگەڵدا نەدەکرد، هەرچەندە ئەو هەمیشە هەوڵی دەدا پەیوەندیەکی بەهێزی لەگەڵ سەرجەم یاریزانەکان هەبێت، بیرم جارێک پێش دەست پێکردنی راهێنانەکان بانگی کردم و ئایفۆنێکی وەکو خەڵات پێدام “.
مۆراتا لەبارەی لەبەر کردنی درێسی ژمارە 7 هەڵبژاردەی وڵاتەکەشی دەڵێت ” شانازیەکی گەورەیە ئەم درێسەم بەرکەوتووە، هەرچەندە ئەرکم قورستریش دەبێت بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەم بەباشی پارێزگاری لێ بکەم “.