یاریگا–
خۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پۆرتوگاڵی یانەی رۆمای ئیتاڵیا داوای لە کارگێری یانەکەی کردووە بۆ بەهێز کردنی هێلی بەرگری یانەکەیان، هەوڵ بۆ گواستنەوەی جیرۆم بواتێنگ بەرگریکاری ئەڵمانی یانەی بایرن میونشنی ئەم وڵاتە بدەن.
رۆژنامەی لاگازێتادلۆسپۆرتی ئیتاڵی زانیاری دەستکەوتووە، دوای ئەوەی راهێنەرە پۆرتوگاڵیەکەی پێشووی یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی وەکو راهێنەری یانەی رۆما دەست نیشانکرا، ناوبراو لیستێکی یاریزانەکانە دڵخوازەکانی پێشکەشی ئەو یانەیە کردووە، یەکێک لەو یاریزانانەش بەرگریکاری پێشووی هەڵبژاردەی باڤارییەکانە و گواستنەوەی ئەو یاریزانەش لەوانەیە تێچووەکەی زۆر نەبێت و بە ئاسانی بگوازرێتەوە، چونکە ئەو یاریزانە گرێبەستەکەی زۆری نەماوە و یانەکەشی ئامادەیە دەستبەرداری بێت و تاوەکو ئێستاش هیچ هەوڵێکیان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نەداوە.
بواتێنگ کە لەم ساڵانەی دواییە بەهۆی دابەزینی ئاستی و هەڵکشانی تەمەنی لە ریزی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دوورخراوەتەوە، هاوینی ئەمساڵ واتە نزیکەی یەک مانگی دیکە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیا کۆتایی دێت.