یاریگا-
وابڕیارە ئەمڕۆ ئێوارە یاریەکانی گەڕی چوارەمی خولی یانە پلەیەکەکانی عێڕاق بەڕێوەبچێت، کاتژمێر 4:30 خولەک لە کۆمەڵەی یەکەمدا و لە یاریەکی بەهێزدا یانەی نەورۆز لە شاری سلێمانی میوانداری یانەی مەسافی جنوب دەکات، نەورۆز بە شەش خاڵ لەپلەی دووەمدایە و مەسافی جنوبیش بە پێنج خاڵ لە پلەی سێیەمی گڕوپەکەی دێت، هەر بۆیە سەرکەوتنی یانەی نەورۆز واتا بەردەوامیدان بە کێبڕکێ کردن لە خولەکە..
لە یاریەکی تردا و لە شاری هەولێر یانەی برایەتی لە یاریگای خۆی ڕووبەڕووی یانەی جنسیەی شاری بەغداد دەبێتەوە، برایەتی گرنگی زیاتری بۆ خولی نایابی کوردستانە و تەنها بۆ مانەوە یاری دەکات لە خولی یانە پلە یەکەکانی عێڕاق، هەر بۆیەش لە زۆربەی یاریەکاندا بە پێکهاتەی لاو یاری دەکات. یانەی برایەتی بە سێ خاڵ لە پلەی یانزەمدایە و یانەی جنسیە بە چوارخاڵ لە پلەی هەشتەمدایە.
لەشاری کەرکوک یانەی گازی باکوور لەگەڵ یانەی جەیش یاری دەکات. گازی باکوور لەسێ یاری ڕابردوودا توشی شکست هاتوە و لەکۆتا ڕیزبەندی خولەکە دێت، یانەی جەیش خاوەنی تاکە خاڵێکە و لە پلەی سێزدەم دێت..
وابڕیارە بەیانیش یاریەکانی کۆمەڵەی دووەمی خولەکە دەست پێبکات کە تیایدا کاتژمێر 8ی شەو یانەی دهۆک میوانداری یانەی سڵێخ دەکات، دهۆک نایەوێ چیتر خاڵ لەدەست بدات و ڕێگای بردنەوە بدۆزێتەوە دوای ئەوەی لە سێ یاری ڕابردوو دوو شکست و یەکسان بونێکی هەیە، دهۆک لەپلەی نۆیەمی ڕیزبەندیەکە دێت و یانەی سڵێخ بە چوارخاڵ لە پلەی حەوتەم دایە.
هەرلە کۆمەڵەی دووەمدا یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دەبێتە میوانی یانەی میسان، پێشمەرگە لە سێ یاری ڕابردوویدا هیچ سەرکەوتنێکی تۆمارنەکردووە و خاوەنی دووخاڵە و لە پلەی یانزەم دێت، یانەی میسانیش یەک خاڵی هەیە و لە کۆتا ڕیزبەندی گڕوپەکەیەتی.
خولی یانە پلەیەکەکانی عێڕاق لە هەرگڕوپێک یەک یانە ڕاستەوخۆ سەردەکەوێت بۆ ڕیزی یانە پلە نایابەکانی عێڕاق، هەردوو یانەی پلەی دووەمیش یاری لەگەڵ یەکتر دەکەن و براوەیان لەگەڵ خاوەن پلەی هەژدەمی ڕیزبەندی نایابی عێڕاق یاری دەکات و یە کێکیان بۆ وەرزی داهاتوو لە ڕیزی یانە پلە نایابەکان یاری دەکەن.