كاسانۆ: ڕۆناڵدۆ تەنها بیر لە گۆڵ و ژمارە پێوانەییەكانی خۆی دەكاتەوە
یاریگا-
ئەنتۆنیۆ كاسانۆی ئیتاڵی و هێرشبەری پێشووی یانەكانی ڕیاڵ مەدرید و میلان و ئینتەر میلان ، پێی وایە كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی و ئەستێرەی یانەی یوڤێنتوس تەنها بیر لە ژمارە پێوانەییەكانی خۆی دەكاتەوە وەك لە هاوكاریكردنی یانەكەی.
لەم وەرزەدا یوڤێنتوس ماڵئاوایی لە چامپیۆنسلیگ كرد و لە خولی ئیتاڵیش بە جیاوازی 10 خاڵ لە ئینتەری پێشەنگەوە دوورە.
لە چاوپێكەوتنیدا بۆ ڕۆژنامەی ماركای ئیسپانی كاسانۆ ووتی: ئەگەر كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بفرۆشیت ئەوا 100 ملیۆن یۆرۆ پاشەكەوت دەكەیت و دەتوانیت دوو لە باشترین یاریزانەكان بكڕیت.
هەروەها ووتیشی: ساڵی ڕابردوو ماوریسۆ ساری باشترین تۆپی پێی پێشكەش بە یوڤێنتوس كرد بەڵام ڕۆشت.
بەردەوام بوو ووتی: كێشەی ئەو ڕۆناڵدۆ بوو ، ناتوانیت ڕاهێنەرێكت هەبێت كە بیەوێت بە هەبوونی كریستیانۆ ڕاهێنەرایەتی بكات.
كاسانۆ درێژەی بە قسەكانیدا و ووتی: كریستیانۆ بیر لە هیچ ناكاتەوە تەنها گۆڵەكان و ژمارە پێوانەییەكانی خۆی نەبێت ، بۆ نموونە دیان كۆلسۆڤیسكی بە نمونە كاریگەری زۆری هەبوونی ڕۆناڵدۆی بەسەرەوەیە.