ئەیسی میلان دەیەوێت ئیبراهیمۆڤیج بۆ ماوەیەکی درێژ بهێڵێتەوە
یاریگا-یانەی ئەیسی میلان بە تەواوی بڕوای بەوە هێناوە، تەمەن لای زڵاتان ئیبراهیمۆڤیج تەنیا ژمارەیە و کار بۆ ئەوە دەکەن ئەو یاریزانە تاوەکو تەمەنی ٤١ ساڵی بهێڵنەوە.
لە کاتێکدا ئیبرا تەمەنی گەیشتووەتە ٣٩ ساڵ، یانەکەی دەیەوێت گرێبەستەکەی بۆ نوێبکاتەوە لە کاتێکدا گرێبەستی ئێستای تاوەکو هاوینی ٢٠٢١ـە.
فریدیریک ماسارای بەڕێوبەری وەرزشی میلان بۆ سکای سپۆرت ئیتاڵیا وتی “قسەمان لەگەڵ نەکردووە سەبارەت بە نوێکردنەوە بەڵام بەدڵنیاییەوە دەمانەوێت گرێبەستەکەی بۆ درێژبکەینەوە. لە راستیدا زۆربەی دەکەوێتە سەر ئەوەی تا چەند ئەو دەیەوێت بمێنێتەوە و ئارەزووی یاری کردنی دەمێنێت. ئەو زۆری پێبەخشیوین و ئێمەش بەهەمان شێوە هەوڵمانداوە سەرجەم داواکارییەکانی بۆ جێبەجێ بکەین. بەڵام لە کاتی خۆیدا گرێبەستەکەی نوێدەکرێتەوە”.
پێشتر ئیبرا ئەوەی ئاشکراکردبوو کە دەیەوێت دوای ٤٠ ساڵیش بەردەوام بێت لە یاریکردن جا لەگەڵ میلان بێت یاخود یانەیەکی دیکە. ناوبراو سەرەڕای پێکان و تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆڤید ١٩، توانیوییەتی لەم وەرزەدا ١١ گۆڵ بۆ رۆسۆنێری تۆماربکات.