دەیڤید بێکهام ئۆفەرێکی کەموێنە دەخاتە بەردەست ئۆلیڤیە جیرۆ
یاریگا- لە ئۆفەرێکی ناوازە و سەیردا دەیڤید بێکهام دەستپێشخەرییەکی نواندووە بۆ گواستنەوەی ئۆلیڤیە جیرۆ لە یانەی چێڵسی.
بێکهام کە خاوەندارێتی بەشێکی یانەی ئینتەر میامی ئەمریکی دەکات، بە گوێرەی ئەوەی لە ڕۆژنامەی “زە سەن”ی ئینگلیزیدا هاتووە، دەستەوارەیەکی بۆ هێرشبەرە فەڕەنسییەکە خستۆتە ڕوو که بریتیە لە پێدانی ئەپارتمان “شوقە”یەکی 4 ملیۆن پاوەندی لە باڵەخانەی بەناوبانگی Porsche Design Tower لە شاری میامی کە باڵەخانەیەکی ئێجگار تایبەتە و دەڕوانێت بەسەر کەناراوی Sunny Isles Beachی ئەو شارە.
لەو تاوەرە زەبەلاحەدا، نهۆمێکی لێیە کە ماڵی لیونێل مێسی ئەرجەنتینییە. جگە لە مێسی، ماڵی کەسایەتییەکی مەکسیکی و ملیاردێری جیهان کارلۆس پێراڵتا کوینتێرۆ هەروەها ڕاپەری ئەمریکی “بێردمان”یشی تێدا دەژی.
بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئەپارتمانەکەی مێسی پێکهاتووە لە سێ ژووری نوستن و چوار گەرماو و، وە دەڕوانێ بەسەر دەریاکەدا. ئەوە جگە لەوەی ئاسانسۆری تێدایە بۆ گواستنەوەی هەر ئۆتۆمیلێک تا بەردەم ماڵەکەی. ئەستێرەکەی بلووزیش ڕەنگە کلیلی شتێکی هەمان شێوەی بدرێتە دەست.
جیرۆ لەگەڵ یانەکەی لەلایەن فرانک لامپاردەوە وەک یاریزانی یەدەک بەشداریی پێ دەکرێت و پێشی وتراوە کە لە گواستنەوەکانی زستانەدا دەتوانێ بڕوات. لەولاشەوە دیدیە دیشای ڕاهێنەری کەڵەشێرەکان ئەوەی ڕاگەیاندووە کە بۆ ئەوەی گۆڵکارە 34 ساڵانەکە هەلی بانگهێشت کردنی هەبێ بۆ یۆرۆی داهاتوو، دەبێ لە ئێستاوە خولەکی زیاتر لە یانەکەیدا یاریی بکات.
جگە لە یانەی میامی، باس لەوە دەکرێ تۆتنهام و وێستهامیش خواستیان لەسەی ئۆلیڤیە هەیە. میرکاتۆی داهاتوو دەریدەخات جیرۆ هەر لە لەندەن دەمێنێتەوە یاخود تاوەرە شاهانەکەی میامی پەلکێشی دەکات بۆ لای گۆنزالۆ هیگواین و بیلیز ماتوێدی لە خولی ئەمریکی.