خولیان دەرگا داناخات و بارسێلۆناش درکی پێدەکات
نە ئالڤارێز نە سیمیۆنی دڵنیایی مانەوەی ناکەن

یاریگا –
خولیان ئالڤارێز کە یانەی بارسێلۆنا داوای دەکات، جارێکی دیکە و بۆ جاری سێیەم لەم وەرزەدا دڵنیایی مانەوەی لە ئاتلێتیکۆ مەدرید نەدا.
هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە تاوەکوو ساڵی 2030 گرێبەستی لەگەڵ ئاتلێتیکۆ هەیە، بەڵام زۆر قسەی کردووە بێ ئەوەی بە روونی کۆتایی بە دەنگۆکانی ئەگەری گواستنەوەی لە هاوینی داهاتوودا بهێنێت. دوایین لێدوانەکانی رۆژی دووشەممە بوو، کاتێک پێش یاریی نیوەی کۆتایی نێوان ئارسیناڵ و ئاتلێتیکۆ قسەی بۆ میدیاکان کرد، کە تێیدا گرنگیپێدانی بارسا لە پشتەوە هەبوو، لەگەڵ بوونی دەنگۆی دیکەی وەکوو پاریس سان جێرمان و ئارسیناڵ.
کاتێک پرسیاری داهاتووی لێکرا، خولیان سەرنجی خستەسەر تیمەکەی ئێستای و گوتی:
هەوڵ دەدەم گرنگییەکی زۆری پێنەدەم چونکە هەموو هەفتەیەک شتێکی نوێ بڵاودەبێتەوە. وزەی خۆم لەوە بەفیڕۆ نادەم، سەرنج دەخەمەسەر کارەکانمان. ئەمە گرنگترین بەشی وەرزەکەیە و دەمەوێت لە باشترین ئاستمدا بم بۆ یارمەتیدانی تیمەکە و بەدەستهێنانی شتی گەورە لێرە.

کاتێکیش فشاری زیاتری لێکرا سەبارەت بە دەنگۆکان، گوتی:
ناتوانم هەموو کاتێک بەردەوام بێم خەریکی پشتڕاستکردنەوە یان رەتکردنەوەی شتەکان بم. سەرنج نادەمە ئەوەی لە تۆڕێ کۆمەڵایەتی دەگوترێت چونکە زۆرجار شتی بچووک بۆ چیرۆکی گەورە و ناڕاست دەگۆڕێت. بۆیە وزەم بۆ ئەو شتانە هەڵدەگرم کە گرنگن و دەتوانم بیکەم بۆ یارمەتیدانی تیمەکە.
بەگوێری موندۆ دیپۆرتیڤۆ، ئەمانە وەڵامگەلێکی هێمن و پڕ لە سەرنجن، بەڵام یەکلاکەرەوە نین. ئەگەر بە روونی بیگوتایە کە دەمەوێت تا 2030 بمێنمەوە، دەنگۆکانی بارسا و پاریس و ئارسیناڵ رەنگە کۆتاییان بهاتبایە، بەڵام وای نەکرد.
ئەمە هەمان شێوازی لێدوانەکانی پێشوویەتی. لە مانگی تشرینی دووەمدا ئاماژەی بەوە کرد کە دەبینێت چی لەبارەی ئەو و بارسێلۆنا دەگوترێت، بەڵام “بۆ ئێستا” سەرنجی لەسەر ئاتلێتیکۆیە و دەزانین لە کۆتایی وەرزدا چی روودەدات. لە مانگی ئازاریشدا دوای بردنەوەیەکی گەورە، خۆی لە پشتڕاستکردنەوەی داهاتووی لادا و گوتبووی: “رەنگە بەڵێ، رەنگە نەخێر، هەرگیز نازانین.”

هەموو ئەمانە لەلایەن بارساوە تێبینی کراون، چونکە گرنگیپێدانەکەیان بە زیندوویی دەهێڵێتەوە. تەنانەت دیێگۆ سیمۆنیش باسی لەو بارودۆخە کرد. کاتێک پرسیاری گرنگیپێدانی ئارسیناڵی لێکرا، گوتی:
من لە مێشکیدا نیم، بەڵام ئاساییە یاریزانێکی وەکوو ئەو لە لایەن ئارسیناڵ، پاریس سانجێرمان و بارسێلۆناوە داوا بکرێت. ئەوە شتێکی سرووشتییە چونکە ئەو زۆر باشە.



