ئیسپانیاگرنگترین

دوایین بڕیار؛ چارەنووسی راشفۆرد و لیڤاندۆڤسکی یەکلایی دەکرێتەوە

مەرجە نوێیەکانی بارسێلۆنا بۆ دوو ئەستێرەکە ئاشکرا دەبن

Yariga App

یاریگا –

کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا دەستیان کردووە بە هەڵسەنگاندنێکی جیددی بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی دوو ئەستێرەی هێڵی پێشەوە.

رۆژنامەی سپۆرتی نزیک لە یانە کاتالوونییەکە بڵاویکردووەتەوە، مارکوس راشفۆرد و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی دوایین ساتەکانیان لە کامپ نۆو بەڕێدەکەن؛ ئەوەی چەند مانگێک لەمەوبەر وەکوو مانەوەیەکی مسۆگەر بۆ هەردوو یاریزانەکە دەردەکەوت، ئێستا گۆڕاوە بۆ مەتەڵێکی ئاڵۆزی دارایی کە دەتوانێت بە تەواوی شێوەی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی بلاوگرانا بگۆڕێت.

کێشەی راشفۆرد؛ تێچوویەکی خەیاڵی بۆ یاریزانێکی یەدەک
بابەتی راشفۆرد کێشەیەکی تەواو جیاوازە، ئاستی باڵی هێرشبەرە ئینگلیزییەکە وای لە بەڕێوەبەرانی وەرزشیی یانەکە کرد پێیان وابێت بژاردەی کڕینەکەی بە 30 ملیۆن یۆرۆ هەلێکی زۆر باشە، بەڵام کێشەکە چییە؟ مووچە خەیاڵییەکەیەتی کە ساڵانە دەگاتە 18 ملیۆن یۆرۆ، کە پەیوەستە بە گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد تاوەکوو ساڵی 2028.

هەرچەندە راشفۆرد ئامادەیی بۆ دواخستنی پارەکانی و کەمکردنەوەی مووچەکەی لە پێناو مانەوەی هەمیشەیی پێشانداوە، بەڵام کارگێڕیی ابرسێلۆنا هێشتا نەگەیشتوونەتە باوەڕی کۆتایی و خەرجکردنی بڕە پارەیەکی زۆر بۆ یاریزانێک کە پێگەی سەرەکی خۆی مسۆگەر نەکردووە، سەرکێشییەکی گەورەیە و یانەکە نایەوێت بیکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، ئەگەر رێککەوتنێکی نوێ بۆ خواستن نەکرێت یان تێچووەکەی زۆر کەم نەکرێتەوە، ئەوا بارسێلۆنا لە ئێستاوە لە بازاڕدا بەدوای هێرشبەرێکی گەنجتردا دەگەڕێت کە ئەزموونی نێودەوڵەتییان هەبێت و مووچەیان کەمتر بێت.

دوایین مەرج بۆ لیڤاندۆسڤکی
چارەنووسی لیڤاندۆڤسکی بە نادیاری ماوەتەوە، سەردەمانێک هێرشبەرە پۆڵەندەنییەکە خاڵی سەنگی هێرشەکانی بارسێلۆنابوو، ئێستا رۆڵەکەی کەم بووەتەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی سپۆرت، وەکوو رێزگرتنێک لە بەڵێنەکەی خوان لاپۆرتای سەرۆک، یانەکە گرێبەستێکی بۆ نوێکردنەوەی یەک ساڵە خستووەتە بەردەمی، بەڵام مەرجەکان گوزارشت لە راستیی نوێی یاریزانەکە دەکەن؛ کەمکردنەوەی لە %50ـی مووچە جێگیرەکەی و بەستنەوەی بە پاداشتی ئاستپێشکەشکردن، لەگەڵ قبوڵکردنی رۆڵی یەدەک لە پێکهاتەکەدا.

رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لیڤاندۆڤسکی و خێزانەکەی لە کاتالوونیا ئاسوودەن، بەڵام دەگوترێت هێرشبەرەکە دوودڵە لە بڕیارەکەی. وا بڕیارە کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز لەگەڵ هانزی فلیک بکات، چونکە بارسیلۆنا بەدوای هێرشبەرێکی نوێی ژمارە 9ـدا دەگەڕێت بۆ پێکهاتەی سەرەکی، گۆڵکارە دێرینەکە دەزانێت ئەگەر بمێنێتەوە خولەکەکانی یاریکردنی زۆر کەم دەبنەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button