ئیسپانیاچامپیۆنزلیگراپۆرتی تایبەتگرنگترین

بە ژمارە و ئامار؛ ئێمباپێ باشترین وەشانی ڤینیسیۆس لەناودەبات

ئامارەکان شۆکهێنەرن؛ ریال مەدرید بەبێ کیلیان جۆرێکی دیکەیە

Yariga App

یاریگا –

ئامارەکان و ئاستی ریال مەدرید راستییەکی تاڵ دەسەلمێنن؛ بوونی کیلیان ئێمباپێ گورزی گەورەی لە درەوشانەوەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر داوە و ئەو هاوسەنگییەی تێکداوە کە یانەکە لە نەبوونی ئەودا دروستیکردبوو.

بەبێ فەرەنسییەکە، بەڕازیلییەکە دەدرەوشێتەوە
لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمەوە، کاتێک ئێمباپێ تووشی پێکان هات و بەهۆیەوە لە سەرەتای ساڵی 2026 نزیکەی حەوت یاریی لەدەستدا، ریال مەدرید باشترین یارییەکانی وەرزەکەی کرد و لەو ماوەیەدا، مانچێستەر سیتییان لە چامپیۆنزلیگ کردە دەرەوە و لە لالیگاش رکابەرییەکی توندیان دەکرد. لە نەبوونی ئێمباپێدا، ڤینیسیۆس هەستی بە گرنگیی خۆی دەکرد بۆ سەرکردایەتیکردنی هێڵی هێرشبردن؛ لە یاریگادا دەگەشایەوە و دڵخۆش بوو، رێک وەکوو ئەو کاتانەی پێش هاتنی ئەستێرە فەرەنسییەکە.

متمانەی ئاربێلۆا و درەوشانەوەی گولەر
لەژێر سەرپەرشتی ئالڤارۆ ئاربێلوا، ڤینیسیۆس بووەتە یەکەم گۆڵکاری لە سەرەتای ئەم ساڵ و خاوەنی 12 گۆڵە، واتە دوو گۆڵ زیاتر لە ئێمباپێ هەرچەندە 770 خولەک زیاتر یاریی کردووە. مێرێنگی نەک تەنیا لە رووی گۆڵکردنەوە، بەڵکوو لە رووی نزیککردنەوەی هێڵەکان و یاریکردنی بەکۆمەڵەوە ئاستێکی نایابی پێشکەش کرد کە وای لە هاندەران کرد جۆش و خرۆشیان بۆ بگەڕێتەوە، ئەویش بەبێ دوو ئەستێرەی سەرەکی کە ئێمباپێ و بێلینگهام بوون بەتایبەت کە ئاردا گولەر بە ئاستێکی بەرزەوە جێگەی بێلینگهامی گرتبووەوە.

تاکڕەوی و کێشەی بەرگریکردن
بەڵام ئەو خەونە زۆری نەخایاند؛ گەڕانەوەی ئێمباپێ نە بە دڵی تیمەکە بوو نە بە دڵی ڤینیسیۆس. لە مەدرید پرسیارێک دروستبووە: ئایا رۆڵی ئێمباپێ بە قازانجی کۆمەڵەکەیە؟ کەس گومانی لە تواناکانی ئەستێرە فەڕەنسیییەکە نییە وەکوو یەکێک لە باشترینەکانی جیهان، بەڵام وەکوو ئالفرێدۆ دی ستێفانۆی ئەفسانە دەڵێت؛

هیچ یاریزانێک بە تەنیا کاریگەریی لە یاریکردنی بەکۆمەڵ زیاتر نییە.

پرسیارە گەورەکە ئەوەیە؛ ئایا ئێمباپێ بەو پەرۆشییە تاکەکەسییەی کە تەنیا تەرکیزی لەسەر گۆڵکردنە و ئەرکی بەرگریکردن پشتگوێدەخات، ئەو یەکگرتووییەی تێکداوە؟

خودی ئێمباپێ بە جۆرێک لە لەخۆباییبوونەوە دەڵێت؛ من کەمتر لەوانی دیکە بەرگری دەکەم، بەڵام کاتێک دەیکەم کاریگەریی راستەقینەم لەسەر تیپەکە دەبێت و هەمووان هەستی پێدەکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button