
یاریگا –
نەورۆز لە یاریگای خۆی رووبەڕووی مینا دەبێتەوە و راهێنەری تیپەکەش ترسی خۆی لەم یارییە نەشاردەوە.
دووشەممە ( 13ـی نیسانی 2026 ) لە گەڕی 28ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، نەورۆز کاتژمێر 5ـی ئێوارە لە یاریگای خۆی رووبەڕووی مینا دەبێتەوە، لە مێژوودا هەردوو یانە هەشت یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، نەورۆز لە سێ یارییدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و میناش لە یەک یارییدا براوە بووە و لە چوار یارییشدا یەکسان بوونە.
بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ نەورۆز لە توانای پاوڵ کومۆلافێی هێرشبەری تیپەکەی بێبەش دەبێت، یاریزانە نایجیریەکە بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوو بەرامبەر کەرخ ناتوانێ ئەمڕۆ بەرامبەر مینا یاریی بکات.
وەلی کەریم، راهێنەری نەورۆز دەربارەی ئامادەکاری تیپەکەی بۆ یارییەکە گووتی:
باشتر لە یاریی رابردوو بۆ ئەم یارییە ئامادەین، دەزانین مینا تیپێکی باشیشی هەیە و ئامادەکاریمان کردووە بۆ سەرکەوتن لەم یارییەدا، درک بەوەش دەکەم یارییەکە بۆ ئێمە قوڕس دەبێت بە هەموو پێوەرێک، بەڵام پێویسته سێ خاڵەکە وەربگرین بۆ ئەوەی لە ریزبەندی یانەکان بەرەو سەرووتر هەنگاو بنێین.
نەورۆز لە دوو یاریی رابردوودا یەکسان بووە و سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە، بە کۆکردنەوەی 39 خاڵ لە ریزبەندی نۆیەمی خولەکە دێت و گەڕی داهاتووش دەبێتە میوانی نەجەف، مینا 28 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 16ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



