
یاریگا –
گرژییەکانی دەوری رافایێل لیاو دوای شکستە ئازاربەخشەکەی ئەیسی میلان لە یاریگای سان سیرۆ روو لە زیادبوونە. تیمەکەی ماسیمیلیانۆ ئالێگری بەرامبەر ئۆدینێزی دۆڕان و بە هوتافی ناڕەزایەتی هاندەران یاریگایان جێهێشت، کە زۆربەیان ئاراستەی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە کرابوون.
ماوەیەک لەمەوپێش لە سێریا ئەی مشتومڕ لەسەر ئەوە بوو کامیان مەترسیدارترە: خڤیچا کڤاراتسخێلیا یان رافایێل لیاو. لەو کاتەوە کڤاراتسخێلیا ناپۆلی جێهێشت و تەنانەت لەگەڵ پاریس سانجێرمان نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای بردەوە، لە کاتێکدا گومانەکان لەسەر ئاستی راستەقینەی لیاو بەردەوام لە زیادبووندان.
لیاو لە ساڵی 2019ـەوە لە میلانە و سەرەڕای هاتنی یاریزانی نوێی وەکوو لوکا مۆدریچ و هاتنی ئالێگریی راهێنەر، چاوەڕوان دەکرا ئەو رابەرایەتی هێڵی هێرشبەری بکات، بەڵام تاوەکوو گەڕی 32 زۆرێک لە هاندەران چیدیکە وەکوو یاریزانێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی نابینن.

ئەستێرە پۆرتوگالییەکە نۆ گۆڵی کردووە و دوو ئەسیستیشی لە سێریا ئەی هەیە، بەڵام پێکانەکان کاریگەرییان لەسەر وەرزەکەی هەبووە. ئەو بەهۆی کێشەی ماسوولکەی قاچی درەنگ دەستی بە وەرزەکە کرد و دواتر کێشەی بەردەوامیی ماسوولکەکانی بۆ دروست بوو، زۆر جاریش بەبێ ئامادەیی تەواو دەگەڕایەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا توڕەیی هاندەران کەم نەبووەتەوە. بەرامبەر ئۆدینێزی، میلان بە ئەنجامی 0-3 دۆڕا بەبێ ئەوەی بتوانن گۆڵ لە مادۆکا ئۆکۆیی گۆڵپارێز بکەن. لیاو کاتێک لە خولەکی 77 گۆڕانکاری پێکرا، رووبەڕووی هوتافی ناڕەزایەتی بووەوە، دوای ئەوەی لە کاتی یارییەکەشدا رەخنەی لێگیرابوو.
Fischi assordanti per Leao all’uscita dal campo! pic.twitter.com/QXh8InxvbG
— Luca Maninetti (@LucaManinetti) April 11, 2026
ناجێگیریی ئاستی کێشە سەرەکییەکەیە. هەندێک جار کەمتەرخەم دەردەکەوێت و هەندێک جاری دیژەش سەرکێشیی زۆر دەکات. بەرامبەر ئۆدینێزی زۆرجار رووبەڕووبوونەوەکانی بە تۆماس کریستێنسن دەدۆڕاند کێشەی بۆ تیمەکەی دروست دەکرد.
ئالێگری دوای یارییەکە بەرگری لێکرد و ئاماژەی بەوە کرد کە داوای لە لیاو کردووە ئەم وەرزە زیاتر لە خزمەت تیپەکەدا بێت، تەنانەت وەکوو هێرشبەری سەرەڕم بەکاریهێناوە کاتێک پێویست بووە بەهۆی پێکانی هێرشبەرانی دیکەی وەک خیمێنێز و نەبوونی کاریگەریی ئێنکونکو.
ئالێگری بە تۆڕی DAZNـی گوت:
لە گێمی یەکەمدا دوو هەلی راستەقینەی وەکوو هێرشبەر هەبوو، بەڵام لە بۆشاییە تەسکەکاندا شتێکی قورسە. ئەمە هەڵەی رافا نییە، پێویستە لە رووی بەرگرییەوە باشتر بین.
ئادریان رابیۆی هاوتیمی بە هەمان شێوە پاڵپشتی کرد و گوتی:
لە هوتافەکان بەهۆی ئەنجامەکەوە تێدەگەم، بەڵام بە ئامانجگرتنی لیاو جێگەی بێهیواییە. پێویستە یارمەتی بدەین و پاڵپشتی بکەین، ئێمە هەموومان بەیەکەوە لەم دۆخە بەشدارین.

سەرەڕای ئەوەش دابڕانی نێوان تیمەکە و هاندەران خەریکە بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێت. لەگەڵ خراپبوونی ئەنجامەکان میلان لە مەترسیی لەدەستدانی ئەو کارە باشانەدایە کە لە سەرەتای وەرزدا ئەنجامی دابوون.
لیاو لە رەخنەکاندا بووەتە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکان و هێشتا ئاستەنگی نیشاندانی ئەو پێگەیشتنەدایە کە لە رابەرێک چاوەڕوان دەکرێت. لە ساتە قورسەکاندا چاوەڕێ دەکرێت یاریزانە گەورەکان بچنە پێشەوە، کە ئەمەش شتێک بۆ ئێستا نەیتوانیوە بە بەردەوامی ئەنجامی بدات



